Accessibility links

بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى: بەغدا دەیەوێت بەهێز دەنگى کورد لە کەرکوک کەم بکات


پارتى دیموکراتى کوردستان کە لەزۆربەى ناوچە کێشەلەسەرەکان بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەکات، بەڵام لەپارێزگاى کەرکوک بریارى بایکۆتکردنى پرۆسەکەى داوە، بەرپرسى لقى کەرکوکى ئەو حیزبەش، دەڵێت"پرۆسەکە لەکەرکوک بەپاکى بەرێوە ناچێت."

دکتۆر محەمەد خورشید بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"یەکێک لەهۆکارەکانى بایکۆت کردنى پرۆسەى هەڵبژاردن لەکەرکوک لەلایەن ئێمەوە، پەیوەندى بە فشارەکانى بەغداوە هەیە بۆ کەمکردنەوەى دەنگى کورد لەو شارە."

حیزبە کوردیەکان لەکەرکوک بەچەند لیستێکى جیاواز دەچنە پرۆسەى هەڵبژاردنەوە و پارتیش بایکۆتى پرۆسەکەى راگەیاندووە.

بەرپرسانى پارتى سەرەتا هۆکارى بایکۆتکردنى پرۆسەکەیان بۆ داگیرکردنى کەرکوک لەلایەن عێراقەوە گێرایەوە، بەڵام دواتر ئامادەیى خۆیان نیشاندا بۆ بەشدارى کردن لەهەڵبژاردن بەمەرجى یەک لیستى سەرجەم هێزە کوردیەکان.

بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى، ئاماژەى بەچەند هەوڵێکى حکومەتى عێراق کرد بۆ فشارخستنە سەر کورد، لەمکاتەدا کە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایە، وتى"هێنانى عەرەبى هاوردە و هێنانى میلیشیا شیعەکان بۆ کەرکوک بۆ فشارخستنە سەر کورد، بەسەربازگە کردنى ناوچە کوردستانیەکان و داگیرکردنى بارەگاى حیزبە کوردیەکان ، ئەمانە دەرخەرى نیەت خراپى بەغدان بەرانبەر بە کورد."

سەبارەت بەوەى حکومەتى عێراق لەهەڵبژاردنى داهاتوودا هەوڵى سەرخستنى چى لیستێک دەدات، دکتۆر محەمەد خورشید وتى"حکومەتى محەلى کەرکوک بەسەرۆکایەتى راکان جبورى کار بۆ سەرخستنى لیستى عەرەبى سونە و دەسەسەڵاتدارانى بەغداش کار بۆ سەرخستنى لیستە شیعیەکان دەکەن."

هەریەک لە کوتلەى عەرەبى و تورکمانى بە بەهێزتر لە جاران خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووى کەرکوک ئامادە کردووە، بەڵام حیزبە کوردیەکان بەپەرتەوازەیى و دەنگدەرى کوردیش با نائومێدیەوە چاوەروانى پرۆسەکەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:46 0:00

XS
SM
MD
LG