Accessibility links

لیژنەى وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک: وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى BP ی بەریتانى دەدەینە دادگا


لیژنەى وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، یاداشتێکى ناڕەزایەتى ئامادەکردووە و تیایدا ڕەخنە لە وەزارەتى نەوتى عێراق دەگرێت، بەوەى ئاگادارى ناوەرۆکى ئەو گرێبەستانە نین کە لە دواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە ئەنجامیداون.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەى وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"یاداشتەکەمان لە ڕێگەى ئەنجومەنەوە بۆ پەرلەمانى عێراق بەرز دەکەینەوە، چونکە بەپێى مادەى 112 ى دەستور ، دەبێت ئاگادارى دۆسیەى نەوت و گرێبەستە نەوتیەکان بین."

وەزارەتى نەوتى عێراق لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەر، گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى بى پى بەریتانى دا واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانى نەوتى کەرکوک، هەروەها لەگەڵ وەزارەتى نەوتى ئێرانیش بۆ هەناردەکردنى نەوتى ئەو پارێزگایە رێککەوتووە، چەند گرێبەستێکى تریشى ئەنجامداوە، کە نوێنەرى ئەنجومەنى پارێزگا لەکاتى واژوکردنى ئەو گرێبەستانەدا ئامادە نەبووە.

شوان داودى ئەندامى پەرلەمانى عێراق و یەکێک لەنوێنەرانى کەرکوک، پێیوایە هەوڵەکانى لیژنەى وزەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بێ ئەنجام دەبن، چونکە شتێک نەماوە بەناوى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکەوە.

داودى بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لیژنەى وزە کە بریارێک دەدات، دەبێت بەراپۆرت بیدەنە ئەنجومەنى پارێزگا و ئەنجومەن پەسەندى بکات، پاشان دەبێتە بۆچونى ئەنجومەن و ئاراستەى لایەنەکان دەکرێت."

ناوبراو وتیشى"ئەنجومەنى پارێزگا کۆ نابێتەوە، کەواتە ئەنجومەنمان نیە و راپۆرتەکەى لیژنەى وزەش ئەنجامى نابێت."

لەبەرانبەردا سەرۆکى لیژنەى وزە لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، جەختیکردەوە ئەوان نوێنەرى خەڵکن و دەبێت لە ناوەرۆکى گرێبەستە نەوتیەکان ئاگادار بکرێنەوە.

عەسکەرى وتى"گەر ناوەرۆکى گرێبەستەکانمان پێنەڵێن شکات دەکەین، هیچیشمان دەست نەکەوێ ئەو کۆمپانیا بەریتانیە دەدەینە دادگا کە گرێبەستى بۆ پەرەپێدانى نەوتى کەرکوک کردووە."

نەوتى کەرکوک یەکێکە لەو دۆسیانەى لەدواى رووخانى رژێمى بەعسەوە زۆرترین مشت و مڕى لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بووە، پێشتر بەغدا کوردى بە تاکلایەنە هەناردەکردنى نەوتەکەى تۆمەتبار دەکرد، ئێستاش بەرپرسە کوردەکانى کەرکوک، بەغدا بەحساب نەکردن بۆیان لەمەسەلەى گرێبەستە نەوتیەکاندا تۆمەتبار دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00

XS
SM
MD
LG