Accessibility links

گرفتى نێوخۆیى کورد رێگرە لە بەردەم هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوکدا


چوار مانگ بەسەر 16 ى ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت، تا ئێستا کورد نەیتوانیوە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک رێکبکەوێت، ئەمەش وایکردووە تا ئێستا ئەو پۆستە لاى عەرەبى سونە بمێنێتەوە.

نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کورد 26 ئەندامى لەنێو ئەنجومەنى پارێزگا هەیە، دەتوانێت بەیەک دانیشتن پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکوک دابنێت، بەڵام کورد لەنێو خۆیدا یەکدەنگ نیە."

وتیشى"بەرەى تورکمانیش نایەوێت جارێکى تر پۆستى پارێزگار بە کورد بدرێتەوە، عەرەبەکانیش پۆستى پارێزگاریان بە وەکالەت لایەو دەیانەوێت ئەم دۆخە تا دواى هەڵبژاردن بەردەوام بێت."

کورد لەکۆى 41 کورسى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، خاوەنى 26 کورسى، تورکمانیش خاوەنى 9 کورسى و عەرەیبى سونەش 6 کورسى هەیە، بەم پێیە کورد دەتوانێت بەتەنها نیسابى یاسایى تەواو بکات و پۆستى پارێزگار پڕ بکاتەوە، بەڵام گرفتى نێوخۆیى هەیە.

عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیان ى پارتى، ئۆباڵى هەڵنەبژاردنى پارێزگارى خستەئەستۆى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"یەکێتى لەنێو خۆیدا یەکدەنگ نیە، هەر رۆژە و کەسێک بۆ پۆستى پارێزگار کاندید دەکات."

وتیشى"دکتور نەجمەدین تائێستا پارێزگارى شەرعى کەرکوکە، چونکە دەست لەکارکێشانەوەى نەداوەتە ئەنجومەنى پارێزگا."

لە بەرانبەردا رەوەندە مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، پارتى بە هۆکارى هەڵنەبژاردنى پارێزگارى کەرکوک تۆمەتبارکرد، ئاماژەى بەوەکرد پارتى رێگرى دەکات لەگەرانەوەى زۆربەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ کەرکوک، ئەمەش وایکردووە پارێزگار هەڵنەبژێردرێت.

رەوەند مەلا مەحمود وتیشى"هیچ دەرەچەیەک بۆ هەڵبژاردنى پارێزگار نەدۆزراوەتەوە، بۆیە پێدەچێت دۆخەکە بەم شێوە تا دواى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەردەوام بێت."

لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە کورد دەسەڵاتى لەکەرکوک لەدەستداوە، لەپاڵ ئەوەشدا توشى شپرزەیى و گرفتى نێوخۆى بووە و ناتوانێت بەیەک تیمى لەگەڵ پێکهاتەکانى تردا دانوستان بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:32 0:00

XS
SM
MD
LG