Accessibility links

وردەکارى هەوڵەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ پەرەپێدان بە نەوتى کەرکوک


وەزارەتى نەوتى عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ پەرەپێدانى نەوتى کەرکوک و تا ئێستا گرێبەستى لەگەڵ چەندین کۆمپانیادا واژوو کردووە، لەکاتێکدا لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە هەناردنەدەرەوەى نەوتى ئەو پارێزگایە لەرێگەى بۆریەوە راگیراوە.

پێشتر بیرە نەوتیەکانى باى حەسەن و هاڤانا لەرۆژئاواى کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵى هەرێمدا بوون و هەرێم نەوتەکەیانى هەناردەى دەرەوە دەکرد، بەڵام لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە هەموو بیرە نەوتیەکانى ئەو پارێزگایە کەوتنە دەست عێراق.

راگرتنى هەناردنە دەرەوەى نەوتى کەرکوک پەیوەندى بە خراپى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، بەو پێیەى پێشتر لەرێگەى بۆرى نەوتى هەرێمەوە نەوتى ئەو پارێزگایە هەناردەى تورکیا دەکات و ئێستا هەرێم رێگەنادات.

نەجات حسێن فەرماندەى حەشدى شەعبى و ئەندامى کوتلەى تورکمانى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد عێراق ماوەى چەند مانگێکە نەوتى هەناردەى تورکیا نەکردووە، بەڵام دەیەوێت لەسەرى ئەم مانگەوە نەوتى کەرکوک بۆ ئێران بنێرێت.

نەجات حسێن بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عێراق لەپلانیدایە لەسەرى ئەم مانگەوە رۆژانە 60 هەزار بەرمیل نەوت بەتانکەر بۆ ئێران بنێرێت."

رۆژى 18 ى مانگى رابردوو جەبار لعێبى وەزیرى نەوتى عێراق لەشارى کەرکوک، گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى (BP) ی بەریتانى دا واژۆ کرد، کە ئامانج لەگرێبەستەکە پەرەپێدانى نەوتى کەرکوک بوو.

ئەوکات جەبار لعێبى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئاماژەى بەوەکرد دەیانەوێت نەوتى کەرکوک بخەنەوە سەر توانا و ئاستێکى باش.

وەزیرى نەوتى عێراق، خواستى وڵاتەکەشى بۆ دەستکردنەوە بەهەناردنە دەرەوەى نەوتى کەرکوک لەرێگەى تورکیاوە ئاشکرا کرد، وتى"بۆ ئەو مەبەستە دەچمە تورکیا."

لاى خۆیەوە محەمەد عوسمان ئەندامى پەرلەمان عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عێراق دەستى بەسەر هەموو بیرە نەوتیەکانى کەرکوکدا گرتووە ."

وتیشى"عێراق بەرنامەرێژى دەکات بۆ پەرەدان بە نەوتى کەرکوک و دەیەوێت نیزامى ناردنە دەرەوەى نەوتى کەرکوک رێکبخاتەوە."

هەروەها لە رۆژى 8 ى ئەم مانگە، وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستێکى ترى لەگەڵ کۆمپانیاى رانیەى نێودەوڵەتى واژۆ کرد، بەمەبەستى دروستکردنى پاڵاوگەیەک لەکەرکوک ، کەتواناى پاڵاوتنى 70 هەزار بەرمیل نەوتى دەبێت لەرۆژێکدا.

سەرچاوەیەک لەئیدارەى کەرکوک کە ئاگادار لە کاروبارى نەوت، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە، نەوتى هیچکام لە کێڵگە نەوتیەکانى کەرکوک لەرێگەى بۆرى نەوتەوە هەناردەى دەرەوە نەکراوە."

وتیشى"ئەو کۆمپانیانەش کە دواى 16 ى ئۆکتۆبەر گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق دا کردووە، هێشتا دەست بەکارنەبوون."

بەڵام جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى برایەتى، ئاماژەى بەوەکرد وەزارەتى نەوتى عێراق لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە، ئەنجومەنى پارێزگاى لەهیچ گرێبەستێکى نەوتى ئاگادار نەکردۆتەوە.

ناوبراو وتى"رۆژانە دەبینین بەتانکەر نەوت لەکەرکوکەوە دەبرێت، بەڵام نازانین کێ و چۆن دەبرێت."

پێش 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو کاتێک بیرە نەوتیەکانى کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵى کورددا بوون، هەرێم نەوتى ئەو پارێزگایەى لەرێگەى تورکیاوە هەناردەى دەرەوە دەکرد، بەڵام لەئێستادا عێراق کە تەواوى بیرە نەوتیەکانى کۆنترۆڵ کردۆتەوە، دەیەوێت ئێران بکاتە بەدیلى تورکیا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:10 0:00

XS
SM
MD
LG