Accessibility links

پارتى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى لەناوچە کێشەلەسەرەکان راگەیاند


پارتى دیموکراتى کوردستان بایکۆتکردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان راگەیاند، ئەوەش لەکاتێکدایە بریاربوو لەگەڵ یەکێتى دا بەلیستێکى هاوبەش لەو ناوچانە بەشدارى پرۆسەکە بکەن.

ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، لەراگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست دەنگى ئەمەریکا کەوتووە، بایکۆتکردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان راگەیاندووە ، بەبیانوى ئەوەى ئەو ناوچانە لەژێر داگیرکارى سەربازین و ناسەقامگیرن.

لەراگەیەنراوەکەدا کە ئێوارەى ئەمرۆ دەرکراوە، داوا لەدانیشتوانە کوردەکەى ناوچە کێشەلەسەرەکان کراوە بایکۆتى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن، ئەمەش بەهەڵوێست بەرانبەر داگیرکارى ئێستاى ئەو ناوچانە لەقەڵەم دراوە.

ئەکرەم ساڵەح ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەهێز داگیرکراون، کە داگیرکرابن، ناتوانرێت هەڵبژاردنێکى پاکیان تێدا بکرێت."

وتیشى"ئێمە نامانەوێت بەشدارى لەپرۆسەیەکدا بکەین کە لەژێر دەسەڵاتى داگیرکاریدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە بایکۆتى هەڵبژاردن دەکەین."

بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەلایەن پارتى یەوە، لەکاتێکدایە هاوپەیمانى دیموکراسى و دادپەروەرى و بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى لیستێکى هاوبەشیان بۆ بەشدارى لەهەڵبژاردن لەو ناوچانە پێکهێناوە، بریاربوو پارتى و یەکێتیش لیستێکى هاوبەش دروست بکەن.

رەوەند مەلا مەحمود جێگیرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، ئاماژەى بەوەکرد بریاربووە دوێنێ لەگەڵ پارتى دا بۆ دروستکردنى لیستى هاوبەش کۆببنەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ ئەمرۆ دواخراوە و پارتى موماتەڵەى کردووە، وتى"ئەمرۆش پەیوەندیان پێوەکردین، وتیان کەبەشدارى هەڵبژاردن ناکەن."

بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەلایەن پارتى و خۆئامادەکردنى یەکێتى بۆ بەشدارى کردن لەپرۆسەکە، مەترسى ئەوەى لاى چاودێران دروستکردووە کێشەى نێوان حیزبەکانى هەرێم قوڵتر ببێتەوە و کاریگەرى لەسەر ناوخۆى هەرێمیش دروست بکات.

ئاریان رەئوف چاودێرى سیاسى و خاوەنى بروانامەى ماستەر لە پەیوەندیە سیاسیەکان، پێیوایە جیابونەوەى پارتى و یەکێتى لەکەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کاریگەرى لەسەر ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش دەبێت.

ئاریان رەئوف، دەڵێت"بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەلایەن پارتى و بەشدارى کردنى یەکێتى لەو هەڵبژاردنەدا لەناوچە کێشەلەسەرەکان، جارێکى تر مەترسى دوو ئیدارەیى دروست دەکاتەوە."

یەکدەنگ نەبوونى حیزبە کوردیەکان، لەکاتێکدایە دۆخى ناوچەکانى دەوروبەرى هەرێم تادێت ڕوو لەئاڵۆزى زیاتر دەکات، بەتایبەت تورکیا نیازى هێرشکردنە سەر پەکەکە و بەغداش تا دێت هەرێمى کوردستان زیاتر لە قاڵب دەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:59 0:00

XS
SM
MD
LG