Accessibility links

پـێشبینى پـێکهاتەکانى کەرکوک بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق


پێکهاتەکانى کەرکوک لە رێگەى دروستکردنى هاوپەیمانێتى و یەکخستنى هێز و تواناکانیانەوە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق ئامادە دەکەن و دەیانەوێت ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بکەنە پێوەر بۆ بەهێزکردنى پێگەیان لەو شارە.

عەرەبى سونە بەبەشدارى سەرووى 10 حیزب و لایەنى سیاسى هاوپەیمانێتیەکى راگەیاندووە و تورکمانیش بەشیعە و سونەوە بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن دەکات، بەڵام کورد کە براوەى هەڵبژاردنەکانى رابردووە لەکەرکوک، ئەمجارە بەپەرتەوازەیى دەچێتە نێو کێبەرکێى هەڵبژاردنەوە.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى سەربەخۆ، ئاماژەى بەوەکرد سەرجەم هێزە تورکمانیەکان بەشیعە و سونەوە بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق دەکەن.

بەبڕواى نازم کەهیە، تورکمانەکان گەر هەموو هێزیان بخەنەکار و سەرجەم تورکمانەکانى کەرکوک بەشدارى هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق بکەن، ئینجا تورکمان تواناى بەدەستهێنانى 3 کورسى پەرلەمانى عێراقى هەیە.

نازم کەهیە، پێیوایە زیاتر گۆڕانکارى لەدەنگى عەرەبى سونە روودەدات، بەو پێیەى ئەو پێکهاتە پێشتر بایکۆتى هەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵام ئەمجارە بەهەموو هێزیانەوە بەشدارى پرۆسەکە دەکەن، وتى"عەرەبى سونە بۆ دەنگەکانى کورد مایەى مەترسیە."

لەهەڵبژاردنى پێشوى پەرلەمانى عێراق دا لەکەرکوک، لەکۆى 12 کورسى، کورد بەتەنها 8 کورسى بردەوە، عەرەبى سونە 2 کورسى و تورکمانیش دوو کورسى بەدەست هێنابوو.

چاوەروان دەکرێت ئەنجامى هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق پێچەوانەى ئەنجامى هەڵبژاردنى پێشوو بێت، بەو پێیەى کورد دەسەڵاتى لەکەرکوک لەدەستداوە و پەرتەوازەشە، هەروەها عەرەبى سونەش بەهەموو هێزێکیەوە بەشدارى پرۆسەکە دەکات، بۆیە پێشبینى زیادبوونى ژمارەى کورسیەکانى عەرەب و کەمبونەوەى ژمارەى کورسیەکانى کورد دەکرێت.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکو 15 حیزب و لایەنى عەرەبى لەکەرکوک بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق دەکەین."

وتیشى"دەمانەوێت هەموو دانیشتوانە عەرەبەکەى کەرکوک بەشدار بن لەهەڵبژاردن دا و دەنگ بە هاوپەیمانێتیەکەمان بدەن، کە پێمانوایە لە 12 کورسیەکەى کەرکوکى پەرلەمانى عێراق، 4 کورسى دەبەینەوە."

لایەنە کوردیەکانیش سەربارى ئەو دۆخە خراپەى کەکوردى تێکەوتووە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە یەکدەنگ بن، بەتایبەت ( بزووتنەوەى گۆڕان، هاوپەیمانى دیموکراسى و دادپەروەرى، کۆمەڵى ئیسلامى) هاوپەیمانێتیەکیان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان راگەیاند، یەکێتى و پارتى و چەند لایەنێکى تریش لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەى بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"فرە لیستى بۆ کورد و کەرکوکیش خراپە، بەڵام کە گۆڕان و دوو لایەنەکەى تر بریارى بەجیا بەشدارى کردنى هەڵبژاردنیان دا ئازادن، بزانین دەرئەنجام چۆن دەبێت."

وتیشى"هێشتا ماوە کە پارتى و یەکێتى و هەندێ لایەنى تر لیستى هاوبەش دروست بکەین و بریارى کۆتایى بدەین، چونکە بریارە لەرۆژانى داهاتودا کۆببینەوە."

چاوەروان دەکرێت ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەبەرژەوەندى کورد نەبێت، بەو پێیەى کورد تەواوى ئەو ناوچانەى لەدەستداوە و بوونى هێزیش تارادەیەک دەرئەنجامى هەڵبژاردن یەکلایى دەکاتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:14 0:00

XS
SM
MD
LG