Accessibility links

بەڕێوەبەرى ئەکادیمیاى پۆلیسى کەرکوک دەست بەسەرکرا


دواى دەرچوونى بڕیارى دەستگیرکردن بۆ عەمید سەرحەد قادرى بەڕێوەبەرى پێشوى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک و چەند ئەفسەرێکى ترى کورد، عەمید کاوە غەریبى بەڕێوەبەرى ئەکادیمیاى پۆلیسى کەرکوکیش دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بە بڕیارى دادوەر عەمید کاوە غەریب ى بەڕێوەبەرى پێشوى پۆلیسى داقوق و بەرێوەبەرى ئێستاى ئەکادیمیاى پۆلیسى کەرکوک دەست بەسەرکراوە."

وتیشى"کاتى خۆى 4 چەکدارى داعش لە داقوق شوێن بزرکراون، کەچى ئێستا شکات لە عەمید کاوە کراوە."

لاى خۆشیەوە ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"حکومەتى عێراق هەرچى دۆسیەى کۆنى ئەفسەرە کوردەکان هەیە هەموى هەڵداوەتەوە."

وتیشى"هەندێک لەپلەدارە کوردەکان لەبەغداوە داواکراون، هەندێکى تریشیان لەدادگاکانى کەرکوک دۆسیەیان لەسەر هەڵدراوەتەوە."

حکومەتى عێراق دەستگیرکردن و بریارى دەستبەسەر کردن بۆ ئەفسەرە کوردەکان بەگرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى ناودەبات، بەڵام لایەنە کوردیەکان پێیانوایە ئەو کارە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنى پێگەى کورد لەنێو سلکى دەزگا ئەمنیەکانى کەرکوکدا.

XS
SM
MD
LG