Accessibility links

کاندیدى کورد بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک: نوسراوێکى 3 خاڵیمان داوەتە کوتلەى عەرەبى و تورکمانى


کاندیدى کوتلەى کوردى بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت 3 خاڵیان خستۆتە بەردەم لیستى عەرەبى و تورکمانى و چاوەروانى وەڵامى ئەو دوو کوتلەیەن بۆ دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى ئەنجومەن.

جوان حەسەن کاندیدى یەکگرتوى ئیسلامى بۆ جێگرەوەى رێبوار تاڵەبانى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەبەر بارودۆخى خراپى کەرکوک رێبوار تاڵەبانى کەرکوکى جێهێشتووە، ئێستاش ئامادە نیە بگەرێتەوە، کوتلەى عەرەبى و تورکمانیش رەتیدەکەنەوە بەشدارى دانیشتنەکانى ئەنجومەن بکەن گەر کاک رێبوار سەرپەرشتى بکات."

وتیشى"یەکگرتووى ئیسلامیش لەبەر خاترى هێورکردنەوەى دۆخى کەرکوک، ئامادەیى خۆى نیشانداوە بۆ لابردنى کاک رێبوار و کاندیدکردنى من بۆ جێگرتنەوەى."

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 کورسى پێکدێت، کوتلەى کوردى خاوەنى 26 کورسى و تورکمان 9 کورسى و عەرەب 6 کورسى هەیە، پارتى دیموکراتى کوردستان و ژمارەیەک ئەندامى تر کەرکوکیان جێهێشتوە و لەئێستادا ئامادەى گەرانەوە نین.

بەپێى وتەى کاندیدەکەى کوتلەى کوردى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا، هەفتەى رابردوو لیستى برایەتى نوسراوێکى 3 خاڵى داوەتە کوتلەى عەرەبى و تورکمانى و تێیدا ئامادەیى خۆى بۆ دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى ئەنجومەن نیشانداوە.

جوان حەسەن وتى"لەنوسراوەکەدا لاریمان نەبونمان بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەکان لەناو هۆڵى ئەنجومەنى پارێزگا و لابردنى کاک رێبوار نیشانداوە، هەروەها لەخاڵى سێیەمیشدا داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى هەماهەنگیمان لەهەر سێ پێکهاتەکە کردووە، تا کاتى هەڵبژاردنى پارێزگار و سەرۆک ئەنجومەن سەرپەرشتى دۆخەکە بکات."

هەرچەندە کورد بەشێک لەمەرجەکانى کوتلەى عەرەبى و تورکمانى قەبوڵ کردووە، بەڵام تائێستا عەرەب بێدەنگى هەڵبژاردووە و تورکمانیش یەکدەنگ نین، بەو پێیەى کاندیدیان بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن زۆرەو بەشێکیشیان داواى پۆستى پارێزگار دەکەن.

XS
SM
MD
LG