Accessibility links

دەنگى ئەمەریکا هۆکارى رۆیشتنى هێزى هاوپەیمانان بۆ کەرکوک بڵاودەکاتەوە


هاوپەیمانان هێزێکى تایبەتى ڕەوانەى بنکەى سەربازى کەیوان له ‌کەرکوک کردووە و ئامانج لە ناردنى ئەم هێزە بەپێى وتەى سەرچاوەکان، ئامادەکاریە بۆ قۆناغى داهاتو و رێگرتنە لە دروستبونى بارگرژى لەسنورى کەرکوک و قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین.

هێزەکانى ئەمەریکاو هاوپەیمانان ترسیان لەوە هەیە بارگرژیەکانى کەرکوک و خورماتو تەشەنە بکەن و لەدەست دەربچن، بۆیە لەئێستاوە هێز لەسەربازگەى کەیوان کۆدەکەنەوە و خۆیان بۆ قۆناغى ئەگەرى سەرهەڵدانى بارگرژى ئامادەدەکەن گەر رووبدات.

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەکوتلەى کوردى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عێراق ئێمەى چەککردووە و هێزمان لەکەرکوک نەماوە، کەچى ئەوان چیان بوێت بەچەکەوە دەیکەن."

وتیشى"هاتنى هێزەکانى هاوپەیمانان کە هێزێکى بێلایەنن، گرنگە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى کەرکوک."

ئەو هێزەى رەوانەى سەربازگەى کەیوان کراوە هێزێکى تایبەتى نەوعیە و پێش رۆیشتنى هێزەکەش بۆ ئەو سەربازگەیە، هاوپەیمانان بەئامادەبوونى ئەمەریکى و بەریتانى و ئەڵمانیەکان تاوتوێى گرنگى ناردنى ئەو هێزە و رێگرتنیان لەدروستبونى بارگرژى کردووە.

دەربارەى پێکهاتەى هێزەکە، عەسکەرى وتى"ئەو هێزەى هاتوەتە کەیوان هێزى جیاوازترن لەو هێزەى پێشوو، هێزێکى شەڕکەر دیارن."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن هاوپەیمانان ترسیان لە دروستبوونى بارگرژى و شەڕ لە کەرکوک و خورماتو هەیە، بەتایبەت ناوبەناو گرژى روودەدات و لایەنى کوردیش لەو ناوچانە هەست بەپەراوێزخستن دەکات، هەروەک عێراقیش هێز و چەکى پێویستى بۆ ئەو ناوچانە ناردووە، بۆیە هاوپەیمانان دەیانەوێت بۆ حاڵەتى پێویست هێزیان لەو ناوچانە ئامادەبێت.

عەقید رایان دیلۆن وتەبێژى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتیش لەبەغداوە، رایگەیاندووە رۆیشتنى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ سەربازگەى کەیوان لەکەرکوک بەهەماهەنگى بووە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان، جەختیشیکردۆتەوە"هێزەکانمان لەسەرانسەرى عێراق دا جارێکى تر جێگیر دەکەینەوە."

ناردنى چەک و تەقەمەنى بۆ دەوروبەرى کەرکوک لەلایەن وڵاتێکى ئیقلیمیەوە بەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لێکدراوەتەوە، کە ئامادەکارى بۆ ئاڵۆزکردنى کەرکوک و دەوروبەرى لەئارادایە، بۆیە هاوپەیمانانیش ئامادەکارى دەکەن بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانى بارگرژى.

ئاریان رەئوف مامۆستاى زانکۆ و خاوەنى بروانامەى نێودەوڵەتى لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، پێیوایە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بە پەیامێکى نوێوە بۆ ناوچەکە گەراونەتەوە.

ئاریان رەئوف، دەڵێت"گەرانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لەکاتێکدایە کەرکوک و دەوروبەرى نائارامە، ئەمەریکا دەیەوێت ناوچەکە لەژێر چنگى هەژمونى ئیقلیمى دەربهێنێت."

گەرانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ کەرکوک و دەوروبەرى، لەکاتێکدایە بەبەردەوامى فرۆکە بەسەر ئاسمانى کەرکوک و خورماتودا دەسورێتەوە و چاودێرى جم و جۆڵەکان دەکات، بەتایبەت دوێنێ چوار شەمە لەناوچەى قەڵخانى باکورى رۆژئاواى خورماتو شەرێکى قورس لەنێوان حەشد و چەکدارە خۆبەخشە کوردەکان روویداوە، 3 چەکدارى حەشد کە هەرسێکیان دانیشتوى قەزاى داقوقى باشورى کەرکوک بوون کوژراون.

XS
SM
MD
LG