Accessibility links

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین: 1000 فەرمانبەرى کورد لە خورماتو دەوامیان جێهێشتووە


ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، دەڵێت پارێزگار و ئیدارەى سەڵاحەدین دەسەڵاتیان نیە، رێگە لە تاڵانکردن و سوتاندنى ماڵى دانیشتوانە کوردەکەى قەزاى خورماتو بگرن، کە پرۆسەکە بەپلان لەلایەن حەشدى شەعبیەوە ئەنجام دەدرێت.

حەسەن محەمەد کە تەنها ئەندامى کوردى نێو ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاماژەى بەوەکرد، پارێزگارى سەڵاحەدین رۆیشتوەتە نێو قەزاى خورماتو لەوێوە پەیوەندى پێوەکردووە، وتى"پارێزگار پێیوتم ئەوان گەڕەکە کوردیەکانمان بۆ ناپارێزرێت، چونکە گەورەن."

بەپێى وتەى حەسەن، محەمەد پارێزگارى سەڵاحەدین داواى گەڕانەوەى کوردەکانى بۆ خورماتو کردووە، ئەویش لەوەڵامدا بۆى روونکردوەتەوە کە کوردەکان دەکوژرێن و دەرفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەیان لەلایەن حەشدەوە لێدەسێنرێت، بۆیە بێ گەرەنتى ناگەرێنەوە.

لە ئێستادا حەشدى شەعبى حوکمى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین و زۆربەى ناوچەکانى کەرکوک دەکات، لەکاتێکدا لەکۆى 29 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، تەنها 7 ئەندامیان شیعەن، 21 ئەندامیان عەرەبى سونەن بەپارێزگاریشەوە.

لەبارەى چارەنوسى ئەو فەرمانبەرانەى کورد کە دەوامیان جێهێشتووە، حەسەن محەمەد روونیکردەوە بەبریارى پارێزگارى سەڵاحەدین هیچ فەرمانبەرێکى کورد غایب و فەسڵ ناکرێت، وتى"13 پۆلیسى کورد بۆ دەوام گەراونەتەوە بۆ خورماتو دەستگیرکراون، دواى هەوڵێکى زۆر ئازادکراون."

وتیشى"سێ پاسەوانى من و سێ پاسەوانى قایمقامە کوردەکەى خورماتو موچەکانیان راگیراوە و ئەنجومەنى سەربازیان لەسەر دروستکراوە."

لە بەرانبەردا عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى تاڵانکردن و سوتاندنى ماڵە کوردەکانى رەتکردەوە، جەختیکردەوە کە ئەو خانوانە لەکاتى شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها لەقەزاى داقوق ى باشورى کەرکوکیش چەند ماڵە کوردێک تەقێنراوەتەوە، ئەمە جگە لەکوشتنى رۆژنامەنوسێکى کورد بەشێوەیەکى درندانە لەو قەزایە.

لاى خۆیەوە سەرچاوەیەک لەپۆلیسى داقوق کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ماوەى 4 رۆژە تەقاندنەوەى ماڵە کورد وەستێنراوە، چونکە یەکێک لەو چەکدارانەى تۆمەتبارە بەتەقاندنەوەى ماڵە کوردەکان لەلایەن داعشەوە بریندارکراوە."

ئاوارەبوونى خێزانە کوردەکانى خورماتو و باشورى کەرکوک، لە کاتێکدایە هێزە کوردیەکان لەو ناوچانە کشاونەتەوە، خێزانە کوردەکانیش گەرانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان رەتدەکەنەوە گەر هێزى کوردى نەگەرێتەوە بۆ ناوچەکانیان و گەرەنتى پاراستنى ژیانیان پێنەدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:10 0:00

XS
SM
MD
LG