Accessibility links

عەرەبى سونە دەیەوێت مەرجەکانى له ‌کەرکوک بسەپێنێت


عەرەبى سونە لە پشتیوانیکردنى کاندیدەکەى یەکێتى بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکوک پاشگەز بونەتەوە و لەنێوخۆیى تورکمانەکانیشدا گرفت دروستبووە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە دانیشتنى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ ى کەرکوک رێکبخرێت.

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگارى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەندێک لە عەرەبە سونەکان بەحساب پارێزگاریان لایە، بۆیە موماتەڵە دەکەن، بەڵام بۆیان ناچێتە سەر."

دواى دوورخستنەوەى دکتۆر نەجمەدین کەریم لەپارێزگارى کەرکوک، لەئێستادا راکان جبورى جێگرى پارێزگار بەوەکالەت پۆستى پارێزگارى پێدراوە، کەناوبراو عەرەبى سونەیە.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە وەکو عەرەبى سونە باڵانسمان لە دامەزراوە ئەمنى و خزمەتگوزاریەکانى کەرکوکدا دەوێت، لەگەڵ هەڵگرتنى زۆرێک لەو بریارانەى پێشتر ئەنجومەنى پارێزگا داونى و زیانى سونەى عەرەبیان لێکەوتوەتەوە."

لەبارەى پارێزگارى داهاتوى کەرکوکەوە، ئیسماعیل حەدیدى دەڵێت"دەمانەوێت پارێزگارى داهاتو کەرکوکى بێت و بێلایەنانە و دادپەروەرانە خزمەتى خەڵک بکات."

تورکمانەکانیش لەنێو خۆیاندا گرفتیان هەیە، بەو پێیەى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگایان کە پێدەدرێت، تورکمانە شیعە و سونەکان ململانێیانە لەسەرى.

لاى خۆشیەوە کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد عەرەبى سونە دەیانەوێت لەبەرانبەر دەنگدانیان بەپارێزگارى داهاتوو، مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت کە خۆى لە کێشەى عەرەبە هاوردەکان و عەقدە کشتوکاڵیەکاندا دەبینێتەوە.

لیستى برایەتى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە کوتلەى هێزە کوردیەکانە، لەئێستادا زۆربەیان ناچنە نێو ئەنجومەن و بایکۆتیان کردووە، هەربۆیە کێشەى ئەوە لەئارادایە بۆ دانیشتنى ئەنجومەن و هەڵبژاردنى پارێزگارى داهاتو نیسابى یاسایى ناتوانرێت تەواو بکرێت.

XS
SM
MD
LG