Accessibility links

دادگایەکی عێراق فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ دەردەکات


دادگایەکی عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەغدا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە لەشکر و پـۆلیسی فیدراڵی عێراق.

ماڵپەڕی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە زاری دادوەر عەبدول سەتار بەیرەقدار گوتەبێژی ئەنجومەنەکە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی" دادگای لێکۆڵینەوەی ڕسافە فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ دەرکردووە لەسەر ئەو لێدوانانەی لەم دوایـیانەدا داونی کە تیایاندا هێزەکانی لەشکر و پـۆلیسی فیدراڵی لە پارێزگای کەرکوک بە هێزی داگیرکەر داناوە."

گوتیشی " دادگاکە ئەم لێدوانانەی ڕەسوڵی بە سووکایەتیکردن و هاندان لە دژی هێزە چەکدارەکان دادەنێت، وە بەپـێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە."

ئەگەربێت و ئەم تۆمەتانە بەسەر کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی ساغبێتەوە، ئەوا شیانی هەیە بەپـێی ئەو ماددەیە هەتا 7 ساڵ زیندانی بکرێت یان غەرامەبکرێت و یانیش هەردوو سزاکە پـێکەوە بدرێت.

XS
SM
MD
LG