Accessibility links

بەغدا و ئەنکەرە بڕیاری بەشداریکردنی شاری کەرکوک لە ڕیفراندۆم بە نادەستوری ناودێردەکەن


پاش ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنێـکدا بڕیاری دا کەرکوک بەشداربێت لەو ڕیفراندۆمەی چاوەڕوان‌دەکرێت لە 25 ی مانگی نۆدا سازبکرێت، هەریەک لە بەغدا و ئەنکەرە بە هەنگاوێـکی نادەستوریان ناودێرکرد.

سەعەد ئەلحەدیثی گوتەبێژی سەرۆک وەزیری عێراق لە لێدوانێـکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس بڕیاری ئەنجومەنەکەی سەرزەنشت کرد و گوتی نایاسایی و نادەستوریـیە.

گوتیشی هەرێم ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی بڕیارەکانی خۆی بەسەر ئەو پارێزگایانە بسەپـێنێت کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستاندان، لەوانە پارێزگای کەرکوک.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا گوتی" بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی عێراق بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردی لە عێراق، پـێشـێلکردنێـکی مەترسیداری دەستوری وڵاتەکەیە."

هەروەها لە بەیانـنامەکەدا هاتووە بڕیارەکە لە کاتێـکدا دراوە کە هەردوو قەوارەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دەنگدانەکەیان کردبوو. پاشان نووسیوەیەتی ئەمەش ئەڵقەیەکی دیکەیە لە نێو زنجیرە هەڵەکانی هەرێم.

بەڵام نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک بڕیاری ئەنجومەنەکەی بە ڕووداوێـکی مێژوویی ناودێرکرد.

XS
SM
MD
LG