Accessibility links

لیوا محەمەد ڕێگر: ئەمەریکیەکان خاڵ بە خاڵى هێزە عێراقیەکانیان ئاگادارکردۆتەوە لە گەڕانەوەى پێشمەرگە


فەرماندەیەکى باڵاى هێزى پێشمەرگە، دەڵێت هاوپەیمانان خاڵ بە خاڵى هێزە عێراقیەکانیان لە شەنگالەوە تا خانەقین ئاگادار کردۆتەوە، کە پێشمەرگە بۆ سەنگەرەکانى پێشوتریان دەگەڕێنەوە.

لیوا محەمەد ڕێگر، فەرماندەى پێشمەرگە لە ناوچەى پردێ/ کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەى بەوەکرد ڕێکەوتنێک لە نێوان وەزارەتى بەرگرى عێراق و پێشمەرگە ئەنجامدراوە، وتى"بەڵام هێشتا ناوەرۆکى رێکەوتنەکە بۆ لیوا و هێزەکان نەنێردراوەتە خوارەوە بۆ جێبەجێکردن."

دەربارەى ناوەرۆکى ڕێکەوتنەکەى نێوان وەزارەتى بەرگرى و پێشمەرگە، لیوا محەمەد وتى"ناوەرۆکى ڕێککەوتنەکە ئەوەیە هەردوولا هەماهەنگى بکەن و پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەنگەرەکانى پێشوترى، بە تایبەت لەو ناوچانەى جم‌وجۆڵى داعش هەیە."

لە بەشێکى ترى قسەکانى دا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرماندە باڵاکەى پێشمەرگە، جەختیکردەوە"حکومەتى عێراق ڕازى بووە بە گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لە سەرەکان."

پێشتریش چەند جارێک میدیاکان هەواڵى گەڕانەوەى پێشمەرگەیان بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاوکردبویەوە، بەڵام ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەرگە رەتیکردبویەوە، لەو بارەیەوە لیوا محەمەد رێگر وتى"کاک جەبار یاوەر جاروبار لەخۆیەوە ئەو شتانە دەوروژێنێ، بەڵام من دەڵێم رێککەوتن کراوە و شتى باشیش بۆ کەرکوک بەڕێوەیە."

سەبارەت بەو شتە باشانەى بۆ کەرکوک بەڕێوەن، فەرماندەکەى پێشمەرگە وتى"ئێستا سوپاى عێراق بەسەر کەرکوک باڵادەستە، سوپا دەچێتە دەرەوە و ئەمنیەتى شار دەدرێتە پۆلیسى محەلى ، پێشمەرگەو سوپا ئەرکى پاراستنى سەنگەرەکان دەگرنە ئەستۆ بەسەرپەرشتى هاوپەیمانان."

لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، لیوا محەمەد رێگر باسیلەوەکرد هێزەکانى ئەمەریکا خاڵ بە خاڵى سەربازى لە خانەقینەوە تا شەنگال گەڕاون، هەندێک لەو خاڵانە رۆیشتن بۆیان زەحمەت بووە و بە فڕۆکە بۆی چوون، وتى"هێزە عێراقیەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە پێشمەرگە بۆ ناوچەکە دەگڕێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:02 0:00

XS
SM
MD
LG