Accessibility links

چەکدارە کوردە خۆبەخشەکان و حەشدى شەعبى لە دەوروبەرى خورماتو یەکترى بۆمباران دەکەن


چەکدارە کوردە خۆبەخشەکان لەشاخى غەرەوە ناو قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدینیان هاوەنباران کرد کەهێزەکانى حەشدى شەعبى تێدایە، فرۆکەى عێراقیش گوندەکانى سەربە ناحیەى نەوجول ى باکورى قەزاکەیان بۆمبارانکردووە.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراق ى حەشدى شەعبى چەکدارە کوردە خۆبەخشەکانى بە "عەسابە" ناوبرد و، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارە کوردەکان بەردەوام ناو خورماتو هاوەنباران دەکەن، خۆیان وتویانە کە ژیان لەخورماتو تاڵ دەکەن."

وتیشى"ئێمەش داوامان لەحکومەتى عێراقى کردووە هێز بهێنێت و ناوچەکانى باکورى خورماتو لەو چەکدارانە پاکبکاتەوە، چونکە هەم خەڵکى سڤیلى ناو خورماتو و هەم گوندە کوردنیشینەکانى باکورى خورماتوش زەرەرمەند دەبن."

لەلایەکى ترەوە یەکێک لەچەکدارە کوردە خۆبەخشەکانى خورماتو، ئاماژەى بەوەکرد ماڵ و حاڵیان لەلایەن هێزەکانى حەشدى شەعبیەوە لەخورماتو، تاڵانکراوە و سوتێنراوە و تەقێنراوەتەوە، بۆیە ئەوان بێدەنگ نابن.

هاوکات دلێر عەبدوڵا بەرێوەبەرى ناحیەى نەجول ى باکورى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دوو هێلیکۆپتەرى عێراق ى گوندە کوردنیشینەکانیان بۆمبارانکردووە، بەڵام هێشتا زیانەکانى بۆمبارانەکە روون نیە."

وتیشى"هێزەکانى حەشدى شەعبیش لەخورماتوەوە هێزیان بە ئاراستەى گوندە کوردنیشینەکانى نەوجول کە خۆبەخشەکانى تێدایە جوڵاندووە."

کێشە و ململانێى کورد و حەشدى شەعبى لەخورماتو لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە چوەتە قۆناغێکى نوێوە، بەتایبەت کە کوردەکانى خورماتو ئاوارە بوون و حەشدى تورکمانى بە سوتاندن و تەقاندنەوەى خانوەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:45 0:00

XS
SM
MD
LG