Accessibility links

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک داواى ریفراندۆم لە بەغدا دەکات


ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەدانیشتنى ئەمرۆیدا ، داواى لەحکومەتى عێراق کرد کار بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم لەکەرکوک بکات، هەروەها بریارەکەى پەرلەمانى عێراقیشى بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان لەو شارە رەتکردەوە.

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، ئاماژەى بەوەکرد لە کۆبونەوەکەى ئەمرۆى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکدا دوو مەسەلە گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"مەسەلەى یەکەم تایبەت بوو بەبریارەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک، کە ئەنجومەن رەتیکردەوە."

روونیشیکردەوە ، مەسەلەى دووەم تایبەت بوو بە داواکارى ئەنجامدانى ریفراندۆم لەکەرکوک و یەکلایى کردنەوەى چارەنوسى پارێزگاکە، کە داواکاریەکە ئاراستەى حکومەتى عێراقى کرا، وتى"گەر حکومەتى عێراق داواکاریەکەى جێبەجێ‌ نەکردین لەداهاتودا هەنگاوى تر دەگرینە بەر."

ئەنجامدانى ریفراندۆم قۆناغێکە لەقۆناغەکانى جیبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستورى عێراق ، کە پرسى یەکلایى کردنەوەى چارەنوسى ناوچە کێشەلەسەرەکان دەدرێتە دەست دانیشتوانى ئەو ناوچانە خۆیانەوە، بەوەى لەسەر عێراق بمێننەوە یاخود بخرێنە سەر هەرێم یان بکرێنە هەرێمێکى سەربەخۆ.

شوان داودى ئەندامى پەرلەمانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ماوەیەکى زۆر بەسەر وادەى یاسایى جێبەجێکردنى مادەى 140 دا تێپەریوە و هێشتا ئەو مادە دەستوریە جێبەجێ‌ نەکراوە، کە ئەنجامدانى ریفراندۆم دوا قۆناغى جێبەجێکردنى ئەو مادە دەستوریەیە."

وتیشى"ئەنجومەنى پارێزگا داواى لەحکومەتى عێراق کردووە ریفراندۆم بکات ، گەر حکومەت نەیکات ئەو تەحەمولى بەرپرسیارێتى دەرئەنجامى جێبەجێ‌ نەکردنى ئەو مادە دەستوریە دەکات."

داواکاریەکەى ئەمرۆى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە حکومەتى عێراقى بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم، لەکاتێکدایە ساڵى 2008 ئەو ئەنجومەنە بریارى گەرانەوەى کەرکوکى بۆ سەر هەرێمى کوردستان داوە و ئەوکات نامەیەکى ئاراستەى هەرێم کرد ، بەڵام هەرێم وەڵامى نەدایەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:27 0:00

XS
SM
MD
LG