Accessibility links

کاردانەوەى تورکمانەکانى کەرکوک بەرامبەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان


ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەدان تورکمانى دانیشتوى کەرکوک دژى بڕیارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە ئەنجومەنى پارێزگا کرد لە بڕیارەکەى پاشگەز ببێتەوە .

خۆپیشاندەران لەژێر ناوى رێکخراوە مەدەنیەکانى تورکمان دا ، یاداشتێکیان ئاڕاستەى ئیدارەى کەرکوک و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ، تێیدا بڕیارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانیان بە مەترسى بۆ سەر پێکەوە ژیان لە کەرکوک وەسفکرد.

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، خۆپیشاندانى تورکمانەکانى بەمافى خۆیان وەسفکرد ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"خۆپیشاندەران کە ژمارەیان چەند سەد کەسێک بوو، لەلایەن بەرەى تورکمانیەوە نێردرابوون بۆ بەردەم بیناى پارێزگا."

وتیشى"داواکاریەکانیان لێوەرگیراو دواتر بڵاوەیانکرد."

دواى تەواو بوونى خۆپیشاندانى تورکمانەکانى کەرکوک ، ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى بەرەى تورکمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ، رەتیکردەوە ئەوان خۆپیشاندانەکەیان رێکخستبێت و ئاماژەى بەوەکرد ئەوان لەگەڵ پێکەوە ژیانن لەکەرکوک.

ئەرشەد ساڵحى ، نیگەرانى خۆى نیشاندا لەوەى لەلایەن میدیاى کوردى و لایەنە سیاسیەکانەوە ، وەکو دوژمنى کورد بەخەڵکى کوردستان ناسێنراون ، وتى "خۆپیشاندانەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنیەوە بەشێوەیەکى ئاشتیانە ئەنجامدراوە."

وەکو کاردانەوەیەک بەرانبەر خۆپیشاندانى بەشێک لە تورکمانەکانى کەرکوک ، ژمارەیەک گەنجى کوردیش لە کەرکوک رۆیشتنە سەر شەقامەکان و پشتگیرى خۆیان بۆ بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان دەربڕى و ئاڵاى کوردستانیان لەسەر فولکەى نزیک بیناى پارێزگا هەڵکرد.

نیازى میعمارى ئۆغڵو پەرلەمانتارى تورکمانى لە پەرلەمانى عێراق و بەشداربووى خۆپیشاندانەکەى کەرکوک ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە دژى ئاڵاى هەرێمى کوردستانى عێراق نین کە کورد خوێنى لەپێناودا رشتووە، داوا لەبەرپرسانى کورد دەکەین ئەوراق تێکەڵ نەکەن و لاى خەڵکى کوردستان بەدوژمن نەمانناسێنن."

ئۆغڵو ، پارێزگارى کەرکوکى تۆمەتبار کرد بەوەى کە خۆى کردوەتە سوڵتانى کەرکوک و تەوافقى پێشێل کردووە ، وتى "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەجێنداى حیزبى هەیە."

رۆژى سێشەمە لیستى برایەتى کەرکوک پێشنیازەکەى پارێزگارى کەرکوکى بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکان پەسەند کرد ، کە کوتلەى تورکمانى و عەرەبى بەشدارى دانیشتنەکەیان نەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00

XS
SM
MD
LG