Accessibility links

ژمارەیەک ئەفسەرى تۆمەتبار بە بازرگانیکردن لەگەڵ داعش لە زیندانن


لیژنەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و هێزى پێشمەرگە بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکردن لە چۆنیەتى دزەکردنى چەکدارانى داعش بۆ گوندى عەلوەت پاشاى باشورى کەرکوک، ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانیش بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە پێدەچێت دەستى نێوخۆیى لەکوشتن و رفاندنى خێزانە کاکەییەکەى نیشتەجێ‌ ى ئەو گوندەدا هەبووبێت.

موقەدەم فەرهاد نەوزەر جێگرى فەرماندەى هێزى پێشمەرگەى کاکەییەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەوەى بۆمان رونبۆتەوە ئەوەیە چۆنیەتى کوشتن و رفاندنى خێزانە کاکەییەکە دوورە لە شێوازى کارى داعشەوە، بەتایبەت داعش ئەو کارەى تائێستا وەکو چالاکى خۆى بڵاو نەکردوەتەوە."

وتیشى"ئێمە گومان دەکەین دەستى نێو خۆیى لە کوشتن و رفاندنى خێزانە کاکەییەکەى گوندى عەلوەت پاشادا هەبووبێت."

مانگى رابردوو ژمارەیەک چەکدار کە جلى سەربازیان لەبەربووەو بەپێى وتەى شایەتحاڵەکان بەزمانى کوردى قسەیانکردوە، هەڵیانکوتایە سەر گوندى عەلوەت پاشاى باشورى کەرکوک و دووژن و پیاوێکى کاکەییان کوشت، گەنج و ژنێکى تریان لەگەڵ دوو کەسى عەرەب دا رفاند و تائێستا چارەنوسیان نادیارە.

ئەو چەکدارانەى خێزانە کاکەییەکەیان کوشت و بڕکردوە لەنێوان رەبیەکانى پێشمەرگەوە دزەیانکردوەتە گوندەکە، هەروەک پێشتر لەو ناوچەیەش ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەنێوان داعش و قاچاخچیەکان دا هەبووە، ئەمەش گومانى کاکەییەکانى لەسەر هەبوونى دەستى نێوخۆیى لەتاوانەکەدا چڕتر کردۆتەوە.

پێشتریش لەو ناوچەیە نهێنى پرۆسەیەکى گەورەى بازرگانى لەگەڵ داعش ئاشکرابووە و بەو هۆیەوە، ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند ئەفسەرێکى تریش کراوە، هەروەها گوندنیشینێکى ناوچەکەش دواى ئاشکرابوونى بازرگانیەکە بۆ ناو داعش هەڵاتووە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوق ى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" تا ئێستا 4 ئەفسەرى پێشمەرگە لە زیندانن، کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن لەگەڵ داعش."

دواى کوشتن و رفاندنى 8 کەسەکەى گوندى عەلوەت پاشاى کاکەیى نیشینى باشورى کەرکوک کە ئەو گوندە دەکەوێتە پشتەوەى سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لەروداوێکى ترى هاوشێوەدا لەگوندى مەلحەى رۆژئاواى کەرکوک داعش 7 کەسى ترى خێزانێکى سەربڕى.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:26 0:00

XS
SM
MD
LG