Accessibility links

پـێشمەرگە و حەشدى شەعبى نەگەیشتونەتە رێککەوتن بۆ شەڕى حەویجە


هێزەکانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى تا ئێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەى هێرشێکى هاوبەش بۆ سەر قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک ئەنجام بدەن ، لە کاتێکدا ئامادەکاریەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئەو قەزایە دەستیپێکردووە.

کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانى حەشدى شەعبى دەیانەوێت لە سنورى پێشمەرگەوە هێرش بۆ سەر حەویجە دەست پێبکەن ، لە کاتێکدا ئێمە خۆمان هێز و چەکمان هەیە و پێویستمان بەوان نیە."

هێزەکانى پێشمەرگە لە رۆژئاوا و باشورى کەرکوکەوە گەمارۆى قەزاى حەویجەیان داوە ، لەکاتێکدا حەشدى شەعبى جگە لەناحیەى تازەى باشورى کەرکوک لەو ناوچانە هیچ هێزێکى نیە ، بەڵام دەیەوێت بە پاساوى شەڕى حەویجە هێز بباتە دەوروبەرى کەرکوک و پێشمەرگەش رازى نابێت.

دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بە عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبیەوەکرد ، بەڵام ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە لێدوان بدات.

لاى خۆیەوە وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد بۆ گرتنەوەى حەویجە ئەوان لەگەڵ سوپاى عێراق و هێزە ئەمنیەکان هەماهەنگیـیان هەیە ، وتى"حەشدى شەعبى گەر دەیەوێت بەشدارى شەڕەکە بکات با لە سنورى حەمرینەوە کە لەژێر کۆنترۆڵى خۆیاندایە هێز ببەن."

پێشمەرگە گومانى هەیە حەشدى شەعبى بەپاساوى گرتنەوەى حەویجە هێز بباتە باشور و رۆژئاواى کەرکوک و جێگیریان بکات ، لە کاتێکدا بیرە نەوتیەکانى کەرکوک دەکەونە ئەو سنورانەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:44 0:00

XS
SM
MD
LG