Accessibility links

حەشدی شەعبی لە خورماتو ژمارەیەک بیرە نەوت و گوندى کوردنیشین کۆنترۆڵ‌دەکات


هێزەکانى حەشدى شەعبى لە میانەى بەردەوامى ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، بڵاوبوونەتەوە بە گوندە کوردنیشینەکانى پشت شاخى هەنجیرەى باکورى رۆژهەڵاتى خورماتو، هۆکارى ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ ئەوەى پێشتر چەکدارە کوردە"خۆبەخشەکان" لەو ناوچانەوە خورماتویان هاوەنباران کردووە.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانى حەشد و سوپاى عێراق لە ناوچە کوردنیشینەکانى پشت شاخى هەنجیرەى باکورى رۆژهەڵاتى خورماتو ماونەتەوە، چونکە پێشتر چەکدارە کوردە خۆبەخشەکان لەو ناوچانەوە خورماتویان هاوەنباران دەکرد."

وتیشى"پرۆسەى سەربازى بە رۆژ و دوو رۆژ تەواو نابێت، بەڵکو دواى دڵنیابوون لە گێڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچەکە ئینجا دەکشێنەوە."

پێشتر ژمارەیەک چەکدارى کورد کە بە چەکدارى "خۆبەخش" دەناسرێن و سەرجەمیان خەڵکى قەزاى خورماتون، بەهۆى نیگەرانبوونیان لە تەقاندنەوەى ماڵەکانیان ناوبەناو قەزاکەیان هاوەنباران دەکرد، حەشد بە کۆنترۆڵکردنى ناوچەکانى پشت شاخى هەنجیرە مەترسى ئەو چەکدارانەى لە خورماتو دوورخستەوە.

کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەکێتى، رەتیکردەوە هێزەکانى حەشد لە گوندە کوردنیشینەکانى باکورى رۆژهەڵاتى خورماتو مابێتنەوە، وتى"لە ناوچەکە کشاونەتەوە."

پاساوى حەشدى شەعبى بۆ ئۆپەراسیۆنەکەى رۆژى چوارشەمە بوونى هێزە ئاڵا سپیە سونیەکە بوو لەناوچەى پەڵکانە، بەڵام لەئۆپەراسیۆنەکەدا تەنها یەک چەکدارى سەربە هێزەش نەبینرا، ئەمەش گومانى ئەوەى دروستکردووە هێزێکى لەو شێوە بوونى نەبێت.

بەڵام مەلا کەریم شکور جەختى لەبوونى ئەو هێزە و کشانەوەیان بەرەو ناوچەکانى حەمرین کردەوە، پێش ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکەى حەشد، هاوکات عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدیش ئاماژەى بەوەکرد کاتێک ناوچەى پەڵکانەیان کۆنترۆڵکردووە گۆڕى بە کۆمەڵ و کۆمپیوتەر و شوێنەوارى چەکدارەکانیان دەستکەوتووە.

هێزەکانى حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنەکەى رۆژى چوارشەممەدا چەند بیرە نەوتێکیان لە ناوچەى پەڵکانەى رۆژهەڵاتى خورماتو کۆنترۆڵکرد، کە پێشتر هێزەکانى پۆلیسى نەوت و گازى هەرێم بەبیانوى بوونى هێزە ئاڵا سپیەکەوە لێى کشابوونەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:54 0:00

XS
SM
MD
LG