Accessibility links

هەرێم و ناوەند گەنجانى خورماتوو پڕچەک دەكەن


حكومەتى هەرێم سەرقاڵى پێكهێنانى هێزێكى گەورەى پێشمەرگەیە لە گەنجانى قەزاى خورماتوو و، بەپێى پلانەكە ژمارەى ئەو هێزە زیاتر لە هەزار چەكدار دەبێت و ئەركى پاراستنى كوردەكانى ئەو قەزایەى پێ‌ دەسپێردرێت.

شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى خورماتوو ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پێكهێنانى هێزى پێشمەرگە لەگەنجانى خورماتوو لەسەر داواى دانیشتوانى قەزاكەیە و لەلایەن بارزانیەوە بریارى لەسەر دراوە."

خستنەبوارى جێبەجێكردنى بریارى پێكهێنانى هێز بۆ گەنجانى خورماتوو، لەكاتێكدایە بەپێى دواین رێككەوتنى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى دەبێت هێزەكانى هەردوولا لەقەزاكە بكشێنەوە ئەمنیەتى خورماتوو رادەستى پۆلیس و ئاسایش بكرێت.

كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەكێتى، ئاماژەى بەوەكرد پێشتر كۆمەڵێك كەسایەتى خورماتوو رۆیشتوونەتە لاى بارزانى و داواى هێزیان كردووە ، وتى"ئەو هێزەى پێشمەرگە كە دروست دەكرێت دەبێت لەدەرەوەى خورماتوو جێگیر بكرێت ، چونكە لەگەڵ حەشدى شەعبى لەسەر كشانەوەى هێزەكانى لەناو سەنتەرى قەزا رێكەوتنمان هەیە."

چەكداركردنى گەنجانى خورماتوو و رێكخستنەوەیان لەچوارچێوەى هێزەكانى پێشمەرگە، هاوكاتە لەگەڵ چەكداركردنى گەنجانى توركمانى شیعە لەلایەن حكومەتى عێراقەوە و رێكخستنەوەیان لەچوارچێوەى هێزەكانى حەشدى شەعبى دا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00

XS
SM
MD
LG