Accessibility links

داعش لە کەرکوک و خورماتو کەوتووەتە جم‌وجۆڵ


داعش لە ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک و خورماتو کەوتووەتە جم‌وجۆڵ و هێز کۆدەکاتەوە، پێشمەرگە و چەکدارانى حەشدى شەعبیش بە جیا چاودێرى جم‌وجۆڵەکانى چەکدارانى ئەو رێکخراوە دەکەن و پێیانوایە پلانیان بۆ هێرشکردن داڕشتووە.

نازم کەهیە رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" داعش لە رۆژانى رابردوودا لە ناوچەى بەشیرى باشورى کەرکوک بۆسەى بۆ حەشدى شەعبى داناوە و 5 چەکدارى حەشدى کوشتووە."

وتیشى"داعش بەشەوان دەردەچن و دەچنە گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک بۆ خۆراک پەیداکردن."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، لە هەندێک جێگەى سنوورى کەرکوک و خورماتو ژمارەى چەکدارانى داعش گەیشتوەتە ئاستێک، کە هێزە شیعیەکان ناتوانن پشتگوێیان بخەن و بەردەوام لە چاودێرى کردنیاندان.

حەسەن بارام جێگرى بازنەى حەمرین ى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پاشماوەکانى داعش لەکەرکوک و داقوق و سەڵاحەدین خۆیان رێکدەخەنەوە و هێز کۆدەکەنەوە."

وتیشى"هێزەکانى داعش پلانیان بەدەستەوەیە، بەڵام نازانین دەیانەوێت بەرەو کوێ‌ بڕۆن و چى بکەن."

لاى خۆشیەوە عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، جەختى لەسەر بوونى جم و جۆڵى داعش لەکەرکوک و سەڵاحەدین کردەوە، ئاماژەى بەوەکرد لە ڕۆژانى ڕابردوودا هێرشیانکردۆتە سەر چەکدارە گەڕاوەکانى داعش و بۆمبارانیان کردوون.

زیندوو بوونەوەى داعش لە ناوچەکانى کەرکوک و خورماتو، دواى گرژیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى دێت کە پێشتر ئەو دوو هێزە پێکەوە شەرى ئەو گروپەیان دەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:27 0:00

XS
SM
MD
LG