Accessibility links

جوتیارانى کورد لە خانەقین خۆپیشاندانیان ئەنجام دا


ئەمڕۆ دووشەمە، ژمارەیەک جوتیارى کورد لە قەزاى خانەقینى پارێزگاى دیالە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دژى هەوڵى بەرپرسانى پارێزگاکە بۆ لێسەندنەوەى زەویە کشتوکاڵیەکانیان و پێدانیان بەو عەرەبە هاوردانەى کە لەساڵى 2003 ەوە ناوچەکەیان جێهێشتووە.

عەدنان کاکەیى یەکێک لە جوتیارە خۆپیشاندەرەکان،بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە ساڵانى هەفتاکان بەعس زەویەکانمانى داوە بە عەرەبى هاوردە، دواى رووخانى بەعس لە ساڵى 2003 گەڕاینەوە سەر زەویەکانمان، کەچى تائێستا گرێبەستى زەویەکانمان بەناوى عەرەبى هاوردەوەیە."

وتیشى"کۆمەڵێک دەسەڵاتدارى دیالە، نوسراو دێنن و دەیانەوێت زەویەکانمان لێوەربگرنەوە، بۆیە خۆپیشاندانمان ئەنجامدا."

جوتیارە کوردەکان رۆیشتنە بەردەم بیناى قایمقامیەتى خانەقین و نارەزایەتیان ئەنجامدا، بەو پێیەى نوسراوێک لەدیالەوە ئاراستەى ئەو فەرمانگە حکومیە کراوە بۆ وەرگرتنەوەى زەوى لە جوتیارە کوردەکان.

حەمدان شامار یەکێکى ترە لە جوتیارە خۆپیشاندەرەکان، ئاماژەى بەوەکرد ئەمڕۆ بەڵێنیان لە قایمقامى خانەقین و بەرپرسى بەشى یاسایى پارێزگاى دیالە وەرگرتووە، کار بە نوسراوەکانى سەردەمى بەعس نەکرێت، وتى"پێمانوتن ئەمجارە بەشێوەى ئاشتیانە گردبووینەتەوە، جارێکى تر پەنا بۆ رێوشوێنى تر دەبەین."

لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 و گرتنەوەى ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن عێراقەوە، گرفت لەنێوان جوتیارانى کورد و عەرەب دا لەزۆربەى ئەو ناوچانە لەسەر خاوەندارێتى کردنى زەوى کشتوکاڵى دروستبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:11 0:00

XS
SM
MD
LG