Accessibility links

خانەقین: فڕۆکەی جەنگی هێزێکى داعشى کردە ئامانج و 6 چەکدار کوژران


له ‌کاتێکدا سەرقاڵى ئامادەکارى بوون بۆ هێرشکردنە سەر گوندەکانى دەوروبەرى قەزاى خانەقین، شەوى یەکشەممە فڕۆکە جەنگیەکانى عێراق هێزێکى داعشیان کردە ئامانج و 6 چەکدارى لێکوشتن.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانى داعش ویستبویان هێرش بکەنە سەر گوندى قایەى تەنیشت قەزاى خانەقین، بەڵام فڕۆکە جەنگیەکان بۆردومانى کردن."

وتیشى"لە بۆردومانەکەدا 6 چەکدارى داعش کوژراون، کە یەکێکیان ئەبو هومام ى بەرپرسیانە و ئێستا تەرمەکانیان لە خانەقینە."

ئەبو هومام، بەرپرسە کوژراوەکەى شەوى رابردووى داعش، ناوى تەواوى عابد ئەحمەدە، لە بنەرەتدا خەڵکى ناحیەى سەعدیەیە و کەسوکارەکەى زۆربەیان چەکدارى داعشن، چەند مانگێک لەمەوبەر برایەکى ترى بە ناوى مەحمود لە نێو داعشدا کوژراوە.

عەمید عیرفان حەمەخان جێگرى لیواى 3 ى پێشمەرگە لە سنورى خانەقین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زانیارى هەواڵگیرى هەبوو لەسەر نیازى داعش بۆ هێرشکردنە سەر گوندەکان، بۆیە فڕۆکە ڕاستەوخۆ بە ئامانجى کردن."

ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە دەوروبەرى قەزاى خانەقین جموجۆڵیان زۆرە، بە شێوەیەک بە بەردەوامى هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و بۆمبى چێنراو لەسەر رێگە سەرەکیەکان دادەنێن، بۆیە عێراقیش هێزى هێناوەتە ناوچەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:53 0:00

XS
SM
MD
LG