Accessibility links

ئەحمەد عەسکەری: پەرلەمان بۆ پاراستنی خۆی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەکخست، بەڵام خۆشی پێ نەپارێزرا


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە ماوەی چەند مانگێکە ئەنجومەنەکەی لە چوارچێوەی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا سڕکراوە، ڕەخنە لە پەرلەمانی عێراق دەگرێت بەوەی بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراق ئەنجومەنەکانی سڕکردووە، لە کاتێکدا توانای لێپرسینەوەی لە گەندەڵکارانی نێو دەسەڵاتی جێبەجێکردن نیە.

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد عەسکەری دەڵێت"سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وایکردووە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێ ئەوەی چاودیری لەسەر بێت، کار دەکات، ئەمە ڕێگە خۆشکردنە بۆ گەندەڵی."

دوای سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەرکی چاودێریکردنی حکومەتە خۆجێیەتیەکان، سپێردراوە بە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەحمەد عەسکەری ئاماژەبەوەدەکات پەرلەمانتاران لەبەر سەرقاڵی خۆیان، نەشیانتیوانیووە دەوام بکەن، بۆیە سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کارێکی نەشیاو بوو، پەرلەمان کردی ، دەڵێت"پەرلەمان بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراق و پاراستنی خۆی، ئەنجومەنەکانی پەکخست، کەچی شەقامیشیان بۆ ڕازی نەکرا، ئەو هەموو ئەو گەندەڵیەی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بۆیان چارەسەر نەکرا، خستیانە ئەستۆی ئەنجومەنەکان."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رەخنەی لەپەرلەمانی عێراقیش گرت بەوەی دەسەڵاتی لێپێچینەوەکردنی لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکان نەبوو، ئەنجومەنەکانی پەکخست، پەکخستنی ئەنجومەنەکان بووە هۆی بچڕانی پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەت، بۆیە چاودێری نەماوە، گەندەڵی زیادیکردووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد 80%ی پۆستەکانی کەرکوک بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، لەکاتێکدا پەرلەمانتارەکان لەنێوخۆیان کۆک نین بۆ چاودێری دۆخەکە، بۆیە ئەمە پەکخستنی ئیدارەبوو.

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 41 ئەندام پێکدێت، 26 ئەندامی لە کوتلەی کوردی بوو، بەڵام بەهۆی گرفتی نێو ئەم کوتلە زۆرینەوە، ئەنجومەنە پێشتر پەکیخرابوو، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، نیسابی یاسایی تەواو نەدەکرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:28 0:00


XS
SM
MD
LG