Accessibility links

سروود ئەحمەد: ڕێژەی فرەژنی لە نێو خێوەتگای ئاوارەکاندا زۆر بەربڵاوە


بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی ئەمەلی عێراقی، ئاماژەبەوەدەکات بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەی ئەندامانی خێزان لە ماڵەکانیان، توندوتیژی بەرامبەر بە کچان و ژنان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، نیگەرانی خۆشی دەردەبڕێت لەوەی نەخۆشخانە و دام و دەزگا حکومیەکان داخراون، تا کچان و ژنان بۆ سکاڵا تۆمارکردن پەنایان بۆ ببەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سروود ئەحمەد دەڵێت"توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، وەکو بەشودانی کچی مناڵ، ناپاکی هاوسەرێتی، دەستدرێژی سێکسی و لێدان زۆر زیادیانکردووە."

سەبارەت بە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی، سرود ئەحمەد، ڕوونیکردەوە لەماوەی 8 مانگی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکەی هەزار حاڵەتی توندوتیژیان تۆمار کردووە، دەڵێت"دام و دەزگا حکومیەکان دەوامیان کەمە، خەڵک متمانەی پێیان نیە، بۆیە زۆربەی ئەوانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ڕوو لە ڕێکخراوەکەی ئێمە دەکەن."

بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی ئەمەلی عێراقی، ئاماژەی بەوەکرد ئەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە توندوتیژی و دەچنە لایان، سەرەتا جۆری کێشەکان دەستنیشان دەکەن و دواتر چارەسەریان بۆ دیاری دەکەن، هەروەها ئەوانەشی پێویستیان بەچارەسەری پزیشکیە، هاوکاریان دەکەن، پارێزەریشیان هەیە و ئەو دۆسیانەی دەچنە دادگا و پۆلیس، لەرڕووی یاساییەوە هاوکاریان دەبن.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سرود ئەحمەد باسی لە کاریگەری لاوازی ئابووری لە سەر فرەژنی کرد، ئاماژەی بەوەکرد هەرچەندە دۆخی ئابووری خەڵک لاوازە، بەڵام هێشتا ڕێژەی فرەژنی لە ئاستێکی بەرزدایە، چونکە خەڵک هەبووە کچەکەی بێ مارەیی داوەتە شوو، وتی"خەڵک هەیە، نان نیە بیخوات، دەچێت ژنی دووەم دەهێنێت، ژن و مناڵەکانی پشتگوێ دەخات، ئەمە پێشتر لە ناوچە عەرەبیەکان باو بوو، ئێستا تەشەنەی سەندووە و کوردەکانیشی گرتووەتەوە."

وتیشی"پیاو هەبووە لە ماڵ ڕۆیشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، دوای دوو ساڵ هەواڵی هاتووە کە لەهەندەرانە، ژن و منداڵەکانی بێ نەفەقە و پارە جێهێشتووە، کەیسی کۆمەڵایەتیمان زۆرە، چارەسەریان ئاسان نیە، حکومەتیش بایەخ بە کەیسە کۆمەڵایەتیەکان نادات و بەگرنگیان نازانێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سروود ئەحمەد بەرپرسی رێکخراوی ئەمەل ی عێراقی لەکەرکوک، ئاشکرایکرد ڕێژەی هێنانی ژنی دووەم و سێیەم لەنێو خێوەتگای ئاوارەکاندا زۆر بەربڵاوە، وتی"ئاوارە هەیە نان نیە بیخوات، کەچی ژنی یەکەمی بەرەڵا دەکات و دەڕوات ژنی دووەم دەهێنێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:20 0:00


XS
SM
MD
LG