Accessibility links

پێناچێت کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە هەولێر سەربگرێت


ئەو کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە بڕیارە رۆژى 18 ى ئەم مانگە لە شارى هەولێر بەڕێوەبچێت، پێناچێت سەربگرێت، بەو پێیەى بەشێک لە کوتلەکان لەگەڵى نین.

دوێنێ سێشەممە، هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى لە هەولێر کۆبوونەوە، بڕیاریان دا رۆژى 18 ى ئەم مانگە، کۆبوونەوەیەکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە شارى هەولێر ئەنجام بدرێت.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى پارتى، بە دوورى زانى لە کۆبونەوەکەدا پارێزگار بۆ کەرکوک هەڵبژێردرێت، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"جگە لە عەرەب و تورکمان، لەنێو کوردیشدا ناڕەزایەتى لە ڕێکخستنى کۆبوونەوەکە هەیە، بۆیە ڕەنگە کۆبوونەوەکە ببێتە کۆبوونەوەیەکى ڕاوێژکارى."

کوتلەى عەرەبى و تورکمانى، بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا لە هەولێر ناکەن، ئەندامە یەکێتیەکانى ئەنجومەنیش دژى بردنى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگان بۆ هەولێر.

ئازاد جەبارى ئەندامى کوتلەى یەکێتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد بەشداربوونى ئەوان لە کۆبوونەوەکەى هەولێردا، پەیوەندى بە بڕیارى سەرکردایەتى یەکێتیەوە هەیە، وتى"بەڵام خۆم، گەر پێم بکرێت، بەشدار نابم."

وتیشى"بردنى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ هەولێر بێ مانایە، کورد بەدواى بنکڕەکەیدا دەگەڕێت."

لاى خۆشیەوە جوان حەسەن ئەندامى کوتلەى یەکگرتووى ئیسلامى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد ئەوان تەنها لە ڕاگەیاندنەکانەوە، هەواڵى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگایان لە ڕۆژى 18 ى ئەم مانگە لە هەولێر بیستووە، وتى"جارێک لە سەرکردایەتى یەکگرتووەوە، بڕیارى بەشدارىکردن یاخود نەکردنمان بۆ نەهاتووە."

یەکێک لەو دۆسیانەى پارتى و یەکێتى ناکۆکن لەسەرى دۆسیەى کەرکوکە، بۆیە دۆخى ئەو شارە یەکێک بوو لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەى دوێنێ سێشەممەیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:40 0:00

XS
SM
MD
LG