یه‌کێتى و پارتى بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى که‌رکوک نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ رێککه‌وتنێک، هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتى بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورکمانیش تا ئێستا سه‌رى نه‌گرتووه، بۆیه به‌رپرسانى یه‌کێتى هه‌ڕه‌شه‌ى به‌کارهێنانى "کارتى جوڵاندنى" شه‌قام ده‌که‌ن.
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"هه‌موو رێگه‌یه‌ک بۆ رێگرتن له ته‌عریب کردنه‌وه‌ى که‌رکوک و دانانى پارێزگارێکى کورد ده‌گرینه به‌ر."
سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆى ئاماده‌کارى یه‌کێتى بۆ ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانى گه‌وره، ناوبراو وتى"رێگه‌مان زۆر له‌به‌رده‌ستدایه."
له‌کاتێکدا هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتى بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار سه‌ریان نه‌گرتووه، پارتى به‌جیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقیه‌کان دا گفتووگۆ و دانوستان ده‌کات، ئه‌مه‌ش گومانى لاى به‌رپرسانى یه‌کێتى دروستکردوه به‌وه‌ى پارتى بیه‌وێت یه‌کێتى له پۆستى پارێزگار بێبه‌ش بکات.
محه‌مه‌د خورشید به‌رپرسى لقى که‌رکوکى پارتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى که‌رکوک و گه‌ڕانه‌وه‌ى حیزبه‌که‌ى بۆ ئه‌و شاره کارى له‌سه‌ر ده‌کرێت، وتى"ده‌مانه‌وێت ئه‌نجومه‌نى پارێزگا کارا بکرێته‌وه."
ناکۆکى نێوان یه‌کێتى و پارتى له ئاستێکدایه، هه‌ردوولایان به جیا و به‌ئه‌جێنداى جیاوازه‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى که‌رکوک، گفتووگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بى و تورکمانیه‌کان دا ده‌که‌ن.
جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى، روونیکرده‌وه حیزبه‌که‌ى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورکمان له‌سه‌ر خه‌تن بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى پارێزگارى که‌رکوک و ئه‌وانیش وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆیان هه‌یه، وتى"به‌ڵام تا ئه‌م ده‌قه‌ى قسه‌ى تیا ده‌که‌ین، هه‌ڵوێستى پارتى له‌که‌رکوک هه‌ڵوێستێکى دوژمنکارانه‌یه."
له‌به‌رانبه‌ردا به‌رپرسى لقى که‌رکوکى پارتى، باسی له‌وه‌کرد له کۆبونه‌وه‌ى چه‌ند رۆژى رابردووى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى و پارتى دا، به‌رپرسانى یه‌کێتى له هه‌ڵوێستى پارتى ڕ‌ازى بوون، وتى"ئه‌و گروپه‌ى که‌رکوکیان فرۆشت، سه‌ریان بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورکمان ده‌خورێت."
به‌رده‌وام بوونى دۆخى ئێستاى که‌رکوک و سه‌رنه‌گرتنى هه‌وڵه‌کانى کورد بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار له راکان جیبورى، له‌کاتێکدایه پێناچێت به ئاسانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌که‌رکوک ئه‌نجام بدرێت.