Accessibility links

یەکێتى و پارتى: کەرکوک تەوەرى سەرەکى دانوستانەکانمان دەبێت لەگەڵ بەغدا


ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچەکێشەلەسەرەکان و چۆنیەتى بەرێوەبردنى ئەو ناوچانە، یەکێک دەبێت لەو تەوەرە سەرەکیانەى کە وەفدى یەکێتى و پارتى لەکاتى دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانى حکومەت، لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا گفتووگۆى لەسەر دەکەن.

خالد شوانى ئەندامى شاندى دانوستانکارى یەکێتى بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئاساییکردنەوەى دۆخى ئەمنى و ئیدارى کەرکوک، یەکێک دەبێت لە تەوەرى دانوستانەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان."

لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە، کورد ژمارەیەکى زۆر پۆستى ئەمنى و ئیدارى لەناوچەکێشەلەسەرەکان لەدەستداوە، لەدیارترینیان پۆستى پارێزگارى کەرکوک، کە کورد دەیەوێت بەدانوستان بەدەستیان بێنێتەوە.

عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، ئاماژەى بەوەکرد وەفدى یەکەمى پارتى کە رۆیشتوەتە بەغدا سێ خاڵى پێبووە، دوو لەخاڵەکان پەیوەست بووە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان.

کەرکوکى ، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"خاڵەکان بریتى بوون لە:ئاساییکردنەوەى ناوچە کێشەلەسەرەکان و گەڕانەوەى پێشمەرگە، هەروەها بەرێوەبردنى ئەو ناوچانە بەئیدارەیەکى هاوبەش و جێبەجێکردنى مادەى 140 بە میکانیزمى نوێ."

خۆ ئامادەکردنى لایەنەکان بۆ گفتووگۆکردن بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتوى عێراق و ئامادەکردنى وەرەقەى دانوستانەکانیان، لەکاتێکدایە بەڕاى چاودێران، پێکهێنانى حکومەتى داهاتوى عێراق ئاسان نابێت بەو پێیەى مشت و مڕێکى زۆرى لەسەرە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:55 0:00

XS
SM
MD
LG