Accessibility links

بەرپرسانى کەرکوک: ئامانج لە تەقینەوەکانى کەرکوک نانەوەى پشێوى بوو


شەوى رابردوو لەنێو شارى کەرکوک، ژمارەیەک نارنجۆک و بۆمبى چێنراو تەقینەوە و برینداربوونى ژمارەیەک هاوڵاتیان لێکەوتەوە، بەرپرسانى شارەکەش پێیانوایە هەوڵدان بۆ نانەوەى پشێوى لەپشت تەقینەوەکانى شەوى رابردوەوەیە.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تەقینەوەکان دەستێکە بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى و نانەوەى پشێوى، ئەگینا هیچکام لە بۆمبەکان بارەگاى حیزب و هێزە سەربازیەکانى نەکردبوە ئامانج."

وتیشى"گومان دەکرێت دەستى سیاسى لەپشتەوە بێت، یاخود داعشیش ناوبەناو کارى وادەکات بۆ نانەوەى پشێوى."

تەقینەوەکانى شەوى رابردووى کەرکوک، زۆربەیان لەرێگەى نارنجۆک و بۆمبى دەستیەوە و لەچەند ناوچەیەکى جیاوازى کەرکوک ئەنجامدران، کە برینداربوونى ژمارەیەک هاوڵاتى دانیشتوى شارەکەیان لێکەوتەوە.

عەقید ئەفراسیاو کامیل ى وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد سێ ئۆتۆمبێلى نەناسراو نارنجۆکیان فرێداوە بۆ ترساندنى خەڵک.

بەڵام عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى پێیوایە، تەقینەوەکانى شەوى رابردووى کەرکوک دەستى داعشى لەپشتەوەیە و ئامانج لێیان نانەوەى پشێوى بووە.

ناوبراو بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش بەم تەقینەوانە، پەیامى مانەوەیان لە گۆڕەپانەکە دەگەیەنن."

تەقینەوەکانى شەوى رابردووى کەرکوک، لەکاتێکدایە داعش جم و جۆڵى لەناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک هەیە، عێراقیش پێشتر هێزى بۆ ئۆپەراسیۆن لەدژى چەکدارانى ئەو رێکخراوە هێنابووە پارێزگاکە، بەڵام تائێستا ئۆپەراسیۆنەکەى بۆ باشور و رۆژاواى کەرکوک ئەنجام نەداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:16 0:00

XS
SM
MD
LG