Accessibility links

دادگایەکی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی ڕێبوار تاڵەبانی دەدات


میدیا عێراقی و جیهانیـیەکان دەڵێن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە بۆی ڕاگەیاندووە " فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەرکراوە." گوتوشیەتی ئەم فەرمانی دەسـتگیرکردنە پەیوەندی هەیە بە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و هەروەها بڕیاری ڕیفراندۆم.

میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (PUK Media و گەلی کوردستان) دەڵێن فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی یاسایی نووسینگەی کەرکوکی دەستەی دەستپاکیـیەوە دراوە. دەشڵێن ئەو دادوەرەی فەرمانی دەسـتگیرکردنەکەی دەرکردووە کوردە.

جێی ئاماژەیە لە پاش ڕووداوەکانی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو و کۆنترۆڵکردنی شاری کەرکوک لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ناوەندی عێراقەوە، ڕێبوار تاڵەبانی شارەکەی جێهێشتووە و لە شاری هەولێرە.

XS
SM
MD
LG