Accessibility links

کورد یەکدەنگ نیە و تورکمان و عەرەب لە کەرکوک ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن دەکەن


لە ئێستاوە هێزە عەرەبى و تورکمانیەکان ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەن، دەیانەوێت لەرێگەى بەدەستهێنانى پۆستە ئەمنى و ئیداریەکانەوە، پێگەى خۆیان بۆ کاتى هەڵبژاردن بەهێز بکەن.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى کوتلەى عەرەبى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەرچەندە زۆربەى سونەکانى کەرکوک و دەوروبەرى ئاوارەن و لەدۆخێکى خراپدان، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو 100% بەشدارى هەڵبژاردن دەکەین."

جەختکردنەوەى عەرەبى سونە لەسەر بەشدارى کردنى هەڵبژاردن، لەکاتێکدایە ساڵى 2005 بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکانیان کرد، هەربۆیە لەئێستادا تەنها چەند کورسیەکیان لەنێو ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هەیە، ئەمەش کاریگەرى لەسەر پێگەیان هەبووە و لاوازى کردوون.

دکتۆر فەرهاد قادر ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد عەرەبى سونە لەکەرکوک کەپۆستى پارێزگاریان لایە لەئێستادا، دەیانەوێت بەردەوامى بەم دۆخە بدرێت، تا بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو سود لەو پۆستە وەربگرن کە لایانە.

هەروەها لایەنە تورکمانیەکانیش کە چاوەروان دەکرێت پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن و ژمارەیەک پۆستى ئەمنى و ئیداریان بەربکەوێت، لەئێستاوە تورکمانى شیعە و سونە ململانێیانە لەسەر ئەو پۆستانە.

لایەنە شیعیەکانى بەغدا کار بۆ ئەوەدەکەن زۆربەى ئەو پۆستانەى بەر تورکمان دەکەوێت بە تورکمانى شیعە بدرێت، بەڵام تورکمانە سونەکانى نێو بەرەى تورکمانى بەمە رازى نین، بۆیە هەفتەى رابردوودا وەفدێکى هاوبەشیان رۆیشتونەتە تورکیا.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى سەربەخۆ، وێراى جەختکردنەوە لەسەر توندى ململانێکان لەسەر پۆستەکان، ئاماژەى بەوەکرد دۆخى کەرکوک و دەوروبەرى هێندە ئاڵۆز بووە، هەموو لایەنەکان بەکێشەکانەوە سەرقاڵ بوون ، پێدەچێت ئەم کێشانەش تاکاتى هەڵبژاردن بەردەوامیان هەبێت.

ئامادەکارى تورکمان و عەرەبى سونە بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆیان لە حکومەتە محەلیەکانى داهاتوى ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتێکدایە کورد لەو ناوچانە پێگەى لاواز بووە و زۆربەى پۆستەکانى لەدەستداوە، لەئێستاشدا لایەنە کوردیەکان بۆ گەرانەوە بۆ نێو گۆڕەپانى ململانێکان یەکدەنگ نین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:50 0:00

XS
SM
MD
LG