Accessibility links

رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان هێزى پێشمەرگەو حەشدى شەعبى لەکەرکوک، ئاماژەبەوەدەکات هێزەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق بەرەو کەرکوک جوڵێنراون، بەڵام هێشتا هیچ پێکدادانێک رووینەداوە.

نازم کەهیە کە لەکاتى قسەکردنیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا لەناحیەى تازە خورماتوى باشورى کەرکوک بوو، ئەو ناوچەیەى پێگەى سەرەکى هێزە شیعیەکانە، رایگەیاند"ئامانجى هێزە شیعیەکان فرۆکەخانە و سەربازگەى کەیوان و کیڵگە نەوتیەکانى دەوروبەرى کەرکوکە، بەتایبەت باى حەسەن و هاڤانا."

رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان هێزى پێشمەرگەو حەشدى شەعبى، ناوى ئەو هێزە عێراقیانەى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد کە بەرەو کەرکوک جولێنراون، وتى"فیرقەى 9 ى مودەرەعە، هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا، پۆلیسى فیدرالى و لیواى 10 ى حەشدى شەعبى کە لەخواروى عێراقەوە هێنراون جوڵەیان پێکراوە."

سەبارەت بەوەى کە ئێستا هێزە عێراقیەکان گەیشتونەتە چى ناوچەیەک، نازم کەهیە وتى"هێزە عێراقیەکان راوەستاون، بەڵام پلانەکەیان وایە دەمەو بەیان بجوڵێن."

ئەمشەو دکتور نەجمەدین کەریم ى پارێزگارى کەرکوک کە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بریارى لابردنى لەپۆستەکەى دراوە، داواى لەخەڵکى کەرکوک کرد لەدژى هێزە عێراقیەکان چەک هەڵبگرن، لەبەرانبەردا بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى داواى هێورکردنەوەى دۆخەکە و چونە ماڵەوەى لەو چەکدارە خۆبەخشانە کرد کەلەسەر جادە و شەقامەکانى کەرکوک وەستاون.

لەبەرانبەردا لیوا عومەر ساڵەح فەرماندەى پێشمەرگە لەکەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد چەکدارەکانى حەشد جم و جۆڵیان هەیە، بەڵام راگەیاندن دۆخەکەى گەورە کردوەتەوە، ئەگینا هیچ پێکدادانێک رووینەداوە.

دروستبونى بارگرژى لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، لەکاتێکدایە هاوپەیمانان چاودێرى دۆخەکە دەکەن و داوایان لەهەردوولاش کردووە دان بەخۆیاندا بگرن.

XS
SM
MD
LG