Accessibility links

وردەکارى سەردانەکەى بارزانى بۆ کەرکوک و هەڵوێستى حەشدى شەعبى لەبارەى سەردانەکەوە


ئەمڕۆ سێشەمە مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەیشتە شارى کەرکوک و لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارى پارێزگاکە و نوێنەرى حیزب و لایەن و پێکهاتەکاندا کۆبوویەوە، سەبارەت بە مەترسیەکانى سەر کەرکوک و ئەنجامدانى ریفراندۆمى لەو پارێزگایە.

بارزانى لە کۆبونەوەکەدا، هەڕەشەى ئەوەی کرد کە لە هیچ لایەنێک قەبوڵ ناکەن هەوڵى تێکدانى بارودۆخى ئەمنى کەرکوک و نانەوەى پشێوى بدات، جەختیکردەوە گوێ‌ بەو لایەنانە نادەن کە هەڕەشەى شەڕکردن دەکەن و لەو حاڵەتەدا ئەوان بەرگرى دەکەن.

شوان محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى دیموکراتی کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بارزانى بۆیە خۆى سەردانى کەرکوکى کرد، چونکە کەرکوک بەشێکى گرنگە لە نەخشەى ریفراندۆم و ستراتیژى بارزانى."

وتیشى"لەو سەردانەدا دەیەوێت نەتەوەکان دڵنیابکاتەوە کە ڕاستە کەرکوک بەشێکە لەهەرێم، بەڵام شارى برایەتى و پێکەوە ژیانە."

لە بەشێکى ترى قسەکانى مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم لە کەرکوک، ئاماژەى بە مەسەلەى ئەنجامدانى ریفراندۆم کرد، روونیکردەوە ئەوان رێز لەو کەس و لایەنانە دەگرن کە لەگەڵ ریفراندۆم نین، دەبێت ئەوانیش رێز لە زۆرینەى خەڵکى پارێزگاکە بگرن کە ریفراندۆمیان دەوێت.

وتیشى"ریفراندۆم مافێکى سروشتیە و بۆ دارشتنەوەى سنور نیە."

سەردانەکەى بارزانى بۆ کەرکوک لەکاتێکدایە هێز و لایەنە شیعیەکان هۆشدارى تێکچوونى دۆخى ئەمنى کەرکوک دەدەن، گەر ریفراندۆم لەو پارێزگایە ئەنجام بدرێت و هێزێکى زۆر لە دەوروبەرى کەرکوکیش کۆکراوەتەوە.

عەلى حسێنى، وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى رەخنەى لەسەردانەکەى ئەمرۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ شارى کەرکوک گرت، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێران و تورکیا بەهیچ شێوەیەک ریفراندۆم قەبوڵ ناکەن."

وتیشى"تائێستا ئێران و تورکیا کە قسە ناکەن دڵنیان لەوەى لە ساتەکانى کۆتاییدا بارزانى لە ئەنجامدانى ریفراندۆم پاشگەز دەبێتەوە."

شارى کەرکوک یەکێکە لەو پارێزگایانەى کە هەرێم و بەغدا ململانێیەکى توندیانە لە سەرى، کە ئەو پارێزگایە لە ڕووى ئیداریەوە سەربە حکومەتى عێراقە، بەڵام لە ڕووى واقیعیەوە هێزە کوردیەکان تێیدا باڵادەستن.

XS
SM
MD
LG