شەوى چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممە ژمارەیەک چەکدار کە گومان دەکرێت سەربە داعش بن، هێرشیان کردە سەر گوندى عەلوەت پاشاى کاکەیىنیشینى ڕۆژئاواى داقوقى باشورى کەرکوک، 4 گوندنیشیان کوشتوە و 4 کەسى تریشیان ڕفاندووە کە یەکێکیان ژنە.
نەقیب بەدر ئیبراهیم کاکەیى، ئەفسەرى پێشمەرگە ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارەکان کە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە، ژمارەیان 20 چەکداربووە و جلى سەربازیان پۆشیوە، بە زمانى کوردیش قسەیانکردووە."
وتیشى"چەکدارەکان سەرەتا کچ و دایکێکیان لە نێو گوندەکەدا کوشتووە، دواتر دوو پیاوى ترى گوندەکەیان لە نزیک گوندەکە کوشتوە و 4 کەسى تریشیان لەگەڵ خۆیان بردووە کە یەکێکیان ژنێکە."
گوندى عەلوەت پاشا گوندێکى دورەدەستە و لە دەرەوەى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیە و کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سنورى داعشەوە دورە، گوندەکە تەنها ماڵێکى کاکەیى تێدابووە و کارى جوتیارى و ئاژەڵ بەخێوکردنیان کردووە، هەروەها خێزانێکى عەرەبیشى تێدابووە کە جوتیارى ماڵە کاکەییەکە بووە.
ماڵە کاکەییەکە پیاوێک و دوو ژنیان لێکوژراوە و کوڕ و ژنێکیشیان لەلایەن چەکدارەکانەوە ڕفێنراوە، هەروەها ماڵە عەرەبە جوتیارەکەش پیاوێکیان لێکوژراوە و دوو کوڕیشیان ڕفێنراوە.
نەقیب زیاد کاکەیى ئەفسەرى هەواڵگیرى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارەکان کە بەزمانى کوردى قسەیانکردوە و جلى سەربازیان لەبەربووە، بە فرت و فێڵ چونەتە نێو گوندەکەوە."
وتیشى"چەکدارەکان ویستویانە سەرجەم ئەندامانى دوو خێزانەکە بفرێنن، بەڵام ئەوان لەگەڵیان نەچوون بۆیە هەستاون بەکوشت و برکردنیان."
بەفەرمانى سەرۆکایەتى هەرێم هێزێکى تایبەت لەگەنجانى کاکەیى بۆ پاراستنى گوندە کاکەیى نیشینەکانى باشورى کەرکوک پێکهێنراوە، بەڵام ئەرکى ئەو هێزە لە پاراستنى گوندە کاکەیى نیشینەکانەوە بۆ نێو رەبیە و خاڵە سەربازیەکان گواستراوەتەوە.