Accessibility links

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو: رێبوار تاڵەبانى ناچێتە بەردەم دادگا لەبەغدا


سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر ئەو داوا یاساییەى کە لەسەرى تۆمارکراوە و رۆژى 24 ى ئەم مانگە وادەى دادگایى کردنیەتى لەبەغدا، ناچێتە دادگا و تەنها تیمى پارێزەرانى بۆ بەرگرى لێکردنى لەدادگا ئامادە دەبن.

لەسەر بریارەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر دامودەزگا حکومیەکانى کەرکوک ، پەرلەمانتارانى بەرەى تورکمانى لە دادگاى ئیتیحادى لە بەغدا سکاڵایان لەسەر رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنەکە تۆمارکردووە.

ئیبراهیم خەلیل، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە رێبوار تاڵەبانى ئەندامى حیزبەکەیەتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەنجومەنى پارێزگا دەنگى بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان داوە نەک رێبوار تاڵەبانى، بۆیە ئەنجومەن تەحەمولى بەرپرسیارێتى یەکە دەکات."

وتیشى"دانیشتنى یەکەمى دادگایى کردنى رێبوار تاڵەبانى ئەنجامدراوە و دانیشتنى دووەم بۆ 24 ى مانگ دواخراوە، کە لەو رۆژەدا تیمى پارێزەرانى ئامادە دەبن."

بردنى مەسەلەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان بۆ دادگا لەلایەن بەرەى تورکمانیەوە، لەکاتێکدایە پێشتریش لایەنگرانى ئەو بەرەیە لە کەرکوک لەدژى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم بیناى ئەنجومەنەکە ئەنجامدابوو.

دەنگى ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندى بە رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و نیازى میعمارى ئۆغڵۆ پەرلەمانتارى بەرەى تورکمانیەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندیەکانیان نەدایەوە، هەروەها پەرلەمانتارانى کوردیش لەبەغدا پشتگیرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەکەن.

مەسعود حەیدەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"

بریارەکانى دادگاى ئیتیحادى لایەنگیرى سیاسیان بەسەرەوە دیارە، بۆیە هەر بریارێک دەرهەق بەسەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بدرێت بەدەر نابێت لە زاڵبونى دیوە سیاسیەکە بەسەریەوە."

وتیشى"وەکو فراکسیۆنە کوردیەکان هەموومان پشتگیرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و بریارەکەى ئەنجومەنیش بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان دەکەین."

ژمارەیەکى زۆر پارێزەرى کورد ئامادەیى خۆیان بۆ بەرگرى کردن لەسەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەدادگاى بەغدا دەربریوە، هەروەها فراکسیۆنە کوردیەکانیش بۆ دەربرِینى هەڵوێست چاوەروانى ئاراستەى دادگایى کردنەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:35 0:00

XS
SM
MD
LG