وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا داوای لە هێزە عێراقی و کوردیـیەکان کرد خۆیان لە زیادکردنی گرژیـیەکان دوربگرن، وە پەنابەرن بۆ وتووێژ و دیالۆگ بۆ ڕاگرتنی گرژیـیەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکیـیەکانی نێوانیان.
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی پـێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و پـێشمەرگە لە باشوری کەرکوک، پـرسیار لە خانم لۆرا سیڵ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کرا، ئەویش گوتی" ئێمە لە دژی هەر توندوتیژیـیەکین کە لە لایەن هەر لایەکەوە بکرێت و هەروەها دژی ئەو کردارانەین کە دەبنە مایەی ئەو ناسەقامگیریانەی وەها دەکەن سەنگی لەسەر شەڕی دژی داعش نەهێڵن و هەروەها دەبنە هۆی ناسەقامگیری عێراق.
پاشان گوتی" پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەین، سەرەڕای ئەو بڕیارەی بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک لایەنە دای بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم."
گوتیشی " هێشتا وتووێژ و دیالۆگ بەپـێی دەستوری عێراق باشترین بژارەیە بۆ ڕاگرتنی ئەم گرژیـیانەی ئێستا و چارەسەرکردنی کێشەکانی لە مێژەوە هەن."
دواتر داوای لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە لە ناوچەکە کاریگەریـیان هەیە، سەنگی بخەنە سەر ئەو هەڕەشەیەی بۆ سەر هەموولایەک هەیە کە داعشە و خۆیان دوربگرن لە خۆشکردنی گرژیـیەکان لە نێوان عێراقیـیەکاندا.