Accessibility links

پێشمەرگە چاوەڕوانى هاوپەیمانانە تا بەشداریکردنى لە شەڕى حەویجەدا یەکلایى بکاتەوە


حکومەتى عێراق بۆ بەشداریکردن لە شەڕى گرتنەوەى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک تا ئێستا پەیوەندى بە پێشمەرگەوە نەکردووە، فەرماندەکانى پێشمەرگەش پێیانوایە بەشدارى نەکردنیان لەو شەڕەدا کێشەى لێدەکەوێتەوە و چاوەڕوانى هاوپەیمانانن ئەو مەسەلەیان بۆ یەکلایى بکاتەوە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوقى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پرسى بەشداریکردن و نەکردنى پێشمەرگە لە شەڕى حەویجە لاى هاوپەیمانانە و چاوەڕوانى هەڵوێستى ئەوانین."

وتیشى"بڕیارە هەفتەى داهاتو بۆ ئەو مەبەستە گفتووگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان دا بکرێت ، چونکە گەر هاوپەیمانان بیانەوێت، پێشمەرگە بەشدار دەبێت لەو شەڕەدا."

حکومەتى عێراق هێزێکى زۆرى لە ناوچەى شەرگات بۆ دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى حەویجە کۆکردوەتەوە و وادەردەکەوێت کە دەیەوێت بێ‌ پێشمەرگە ئەو شەڕە بکات، لەبەرانبەردا بەرپرسانى پێشمەرگەش پێیانوایە شەڕى حەویجە بەبێ‌ پێشمەرگە کێشەى لێدەکەوێتەوە.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، حکومەتى عێراق داواى کردووە رێگەى پێبدرێت هێز بباتە باشورى کەرکوک و لەو میحوەرەشەوە هێرش بکاتە سەر حەویجە، بەڵام پێشمەرگە گومانى لەو هەنگاوە هەبووە و بەو داواکاریە رازى نەبووە.

نازم کەهیە رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وادیارە عێراق دەیەوێت تەنها لە شەرگات و هەندێ‌ ناوچەى ترى دوور لەدەسەڵاتى پێشمەرگەوە هێرش بکاتە سەر حەویجە، ئەمەش ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە بیەوێت بێ‌ پێشمەرگە ئەو شەڕە بکات."

فەرماندەکانى پێشمەرگە ئاماژەبەوەدەکەن بەشدارى پێ‌ نەکردنیان لەشەڕى حەویجەدا نیاز خراپى حکومەتى عێراق دەگەیەنێت، پێیانوایە بەشدارى کردنیان دەبێتە هۆى پاراستنى ناوچەکەیان لەگێچەڵى حەشدى شەعبى لە داهاتودا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:36 0:00

XS
SM
MD
LG