Accessibility links

وردەکارى شەڕ و ناکۆکى نێوان چەکدارانى داعش لە حەویجە


بەرپرسانى هەواڵگیرى هێزى پێشمەرگە، دەڵێن لە ناحیەى عەباسى سەربە قەزاى حەویجەى ڕۆژئاواى کەرکوک شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانى داعش دا دروستبووە، کە شەڕەکە لەنێوان داعشە حەویجەیى و دیالەییەکان دا ڕوویداوە و کوژراو و برینداریان هەیە.

موقەدەم هیمداد عومەر، بەرپرسى هەواڵگیرى لیواى 2 ى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناکۆکى لە حەویجە و دەوروبەرى لە نیوان داعشدا دروستبووە، ناکۆکیەکە تەشەنەى کردووە و گەیشتووەتە ئاستى پێکدادان و شەڕە تەقە."

بەرپرسى هەواڵگیرى لیواى 2 ى هێزى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد سەرهەڵدانى کێشەکان چەندین هۆکارى هەیە، لەوانە زیندانەکانى حەویجە کۆمەڵێک زیندانیـیان تێدایە، داعشە بیانیەکان دەیانەوێت بیانکوژن ، بەڵام داعشەکانى حەویجە دەیانەوێت بیانهێڵنەوە بۆ کاتى هێرشى حەویجە و وەکو قەڵغان بەکاریان بهێنن.

موقەدەم هیمداد، وتیشى"داعشە بیانیەکان دەسەڵاتەکانیان بۆخۆیان بردووە، هەروەها برسێتى و قات و قڕى زۆرتر بووە و داعشە حەویجەییەکان دڵنیان لەوەى لە کاتى هێرشکردنە سەر حەویجەدا حەشدى شەعبى بەشدارى دەکات و ناوچەکەیان وێران دەبێت، بۆیە دەیانەوێت ناوچەکەیان لە کاولکارى ڕزگاربکەن بەڵام پێیان ناکرێت."

بەپێى زانیارى بەرپرسانى کەرکوک، ڕۆژى دووشەمە لە ناحیەى عەباسى سەربە حەویجە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانى حەویجەیى و چەکدارانى دیالەدا دروستبووە و کوژراو و بریندار لە هەردوولایان هەیە، هۆکارى شەڕەکەش کوژرانى رەشید نەجیب ناسراو بە(رەماح) بەرپرسى ئەمنى ناحیەى ریاز بووە لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە.

چەکدارە دیالەییەکانیان گومانیان هەبووە ئەو بەرپرسە ئەمنیە لەلایەن چەکدارە حەویجەییەکانەوە کوژرابێت ، ئەمەش بووەتە هۆى هەڵگیرسانى شەڕ و لە شەڕەکەدا، ئەبوحەفسەى بەرپرسى ئەمنى ناحیەى عەباسى و برایەکى کە دادوەرى داعش بووە کوژراون.

نەقیب زیاد کاکەیى، ئەفسەرى هەواڵگیرى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش چەکدارێکى بۆمبڕێژ کردووە تا ڕەوانەى سەنگەرەکانى پێشمەرگەى بکات."

وتیشى"لە کاتى هەڵگیرسانى شەڕ لەنێو خۆیان دا، خۆکوژەکە خۆى بە چەکدارانى خۆیاندا تەقاندوەتەوە و بووەتە هۆى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک چەکداریان."

کوژرانى بەرپرسەکەى داعش کە ناکۆکى لە نێو چەکدارەکانى ئەو رێکخراوەدا دروستکردووە، لە کاتێکدایە ناو بەناو بەرپرسانى ئەو رێکخراوە جگە لە بە ئامانجکردنیان لەلایەن فڕۆکە و هێزە عێراقیەکانەوە، هاوکات بە شێوەى گوماناویش لەلایەن چەکدارانى نەناسراوەوە لە قوڵایى دەسەڵاتى خۆیاندا بە ئامانج دەکرێن.

XS
SM
MD
LG