Accessibility links

چەکدارە کرویەکانى جەلەولا 5 کەسیان لە یەکترى کوشت


چەکدارە کرویەکانى جەلەولا کە لە ئێستادا بۆ شارى بەعقوبەى نێوەندى پارێزگاى دیالە هەڵاتون، لە نێوخۆیاندا بووە بەشەڕیان و 5 کەسیان لە یەکترى کوشتووە، تەرمى یەکێک لە کوژراوەکان کە موقەدەمى پۆلیسە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە جەلەولا بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس لە جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کرویەکان لەنێو پرسەیەکدا لە ناوچەى خان بەنى سەعدى دیالە بووە بەشەڕیان، سەرەتا موقەدەمێکى پۆلیس 4 کروى کوشتوە و دواتریش موقەدەمەکەى پۆلیس کوژراوەتەوە."

وتیشى"ئەمڕۆ تەرمى موقەدەمەکەى پۆلیس لە جەلەولا نێژراوە، بەڵام تەرمى 4 کەسەکەى تر لە پزیشکى دادوەرى دیالەیە."

چەکدارە کرویەکان لە ئێستادا جەلەولایان جێهێشتوە و نیشتەجێ‌ ى ناوچە جیاجیاکانى دیالەن، بەو پێیەى تۆمەتبارن بە پشتیوانى کردنى داعش و دەست هەبوون لە خوێنى دەیان پێشمەرگەدا، کە لەئێستادا هەوڵى گەڕانەوە بۆ جەلەولا دەدەن و هەرێمیش ڕازى نیە.

عەقید جمهور رۆستەم، فەرماندەى پێشمەرگە لە جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارە کرویەکان کێشە لە نێویاندا دروستبوە، بەشێکیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ جەلەولا و بێنە پاڵى کورد، بەشەکەى تریشیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتى عێراق دا بمێننەوە."

چەکدارە کرویەکان هەتا پێش هاتنى داعش ئەمنیەتى ناحیەى جەلەولایان لەژێر کۆنترۆڵدابوو، بەو پێیەى هێزیان لە پۆلیس و فریاکەوتن و سوپادا هەبوو، بەڵام دواى شەڕکردن لەدژى کورد ناحیەکەیان جێهێشت.

XS
SM
MD
LG