Accessibility links

لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی و هاوبەشی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێم 3 بەرپرسی داعش کوژران


لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان و هەواڵگیری عێراقدا، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە نهێنی ئەنجامدرا، محەمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبوحەنین فەرماندەی یەکەمی داعش لە ناوچەی پەڵکانەی سنووری خورماتوو و دوو بەرپرسی تری ئەو ڕێکخراوە کوژراون.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەریەک لە ئەبو حەنین فەرماندەی یەکەمی داعش لە پەڵکانە، ئەبوحەیدەر بەرپرسی بەشی موشەک بارانکردنی داعش لەو سنورە، لەگەڵ ئەبوجەندەل، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پـیک ئەپ تۆیۆتا (مەرزیە)و ماتۆرسکیلێکیان پێبووە، لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێم دا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە و پێکدادانێکی قورس لە نێوانیان ڕوویداوە.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەبوحەنین لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە، کە ناوبراو بەرپرسی هەموو ناوچەی پەڵکانە بووە و دەستێکی باڵای لە هێرش و پەلامارەکاندا هەبووە."

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتی پێکدادانی نێوان سێ بەرپرسەکەی داعش و هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمدا، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنی و سەربازیەکان برینداربوون، دواتر فڕۆکەی هاوپەیمانان سێ بەرپرسەکەی داعشی بۆمبارانکردووە و کوژراون.

وێنەی هەر تەرمی هەر سێ بەرپرسە کوژراوەکەی داعش دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون،دواتر تەرمەکان لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە بەرەو خورماتوو براون، کە ئەبو حەنین پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی پێوە بووە.

مەلاحەسەن محەمەد جێگری بەرپرسی بازنەی حەمرین ی یەکێتی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کوژرانی ئەو سێ بەرپرسەی داعش شیرازەی هێزەکانیان تێکدەدات، چونکە عەقڵی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە بوون."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەئێستادا عوسمان عەبدولخورشید ناسراو بە ئەبو نور لە جێگەی ئەبوحەنین وەکو فەرماندەی ناوچەی پەڵکانەی داعش دەست بەکاربووە، هەریەک لە ( موسەنا، محەمەد خەڵەف، مازن) کە سێ چەکداری خەڵکی سلێمان بەگن، کراون بەسەرپەرشتیاری هاوەنبارانکردن.

مەلا حەسەن، ڕوونیکردەوە ئۆپەراسیۆن دژی سەرکردەکانی داعش گرنگە، چونکە خۆت کات و شوێنی شەڕەکە دەستنیشان دەکەیت و براوە دەبیت.

کوژرانی سێ بەرپرسەکەی داعش، لە نێوان گوندەکانی ئاغجەمەشەد و قەرخانلوی باکوری قەزای خورماتوو لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا بووە، کە ناو بە ناو پێکەوە و بە هەمانگی ئۆپەراسیۆن لەو سنورە ئەنجام دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:43 0:00


XS
SM
MD
LG