Accessibility links

عەمیدروکن هەورامان: شاخى غەڕە و پەڵکانە کانگاى داعشە کەچى هێزە عێراقیەکان لێیان نزیک نەبوونەوە


ئەمڕۆ 72 کاتژمێر بەسەر دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکەى سوپاى عێراق لەدەوروبەرى کەرکوک و سەڵاحەدین تێپەڕ دەبێت و بڕیارە پرۆسەکە کۆتایى پێبهێنرێت، ، بەڵام پێشمەرگە لەنێوان کەرکوک و چەمچەماڵ بڵاوەى پێکراوە و گومانى لەنیەتى سوپاى عێراق هەیە.

عەمید روکن هەورامان محەمەد، جێگرى فەرماندەى هێزەکانى پشتیوانى دووى پێشمەرگە و نوێنەرى پێشمەرگە بۆ هەماهەنگى کردن لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پرۆسە سەربازیەکەى سوپاى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزى پێشمەرگە بۆیە لەنێوان کەرکوک و چەمچەماڵ بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەوەى شتێک دروست نەبێت، چونکە رۆژى یەکەمى ئۆپەراسیۆنەکە، سوپاى عێراق ویستیان بێنە سنورى پێشمەرگە و رێگەیان پێنەدرا."

وتیشى"ئەمرۆش ویستیان لەسنورى قەرەهەنجیرەوە بێنە پێشەوە، وتمان رێگەتان پێنادەین."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، سوپاى عێراق ویستویەتى پشتەوەى سەنگەرەکانى پێشمەرگەش لەچوارچێوەى ئۆپەراسیۆنەکەیدا بپشکنێت، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.

سەبارەت بەنیازى هێزە عێراقیەکان لەگەیشتە پشت سەنگەرەکانى پێشمەرگە، عەمید روکن هەورامان وتى"ئەوەى پلانى پرۆسەکەى داناوە، بەو شێوەیە داینابوو، نیەتێکى ترى هەبێت، ئەوە مەسەلەیەکى ترە، بەڵام ئێمە کەوتوومانە پێویست ناکات بێنە سنورى پێشمەرگە، نەهاتون."

دەربارەى ئەو گومانانەى کەهەن گوایە حکومەتى عێراق بیەوێت بەپاساوى بوونى داعش لەناوچەکەدا، سنورى پێشمەرگە ببەزێنێت و زیاتر بێتە پێشەوە، عەمید روکن هەورامان ئاماژەى بەوەکرد رێگە بەهاتنە پێشەوەى سوپاى عێراق نادرێت، پێشتر داواکراوە گوندە کوردنیشینەکانى ناوچەکە لەهێرشى داعش بپارێزرێت، سوپا لەسەر داواى هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکەى ئەنجامداوە، وتى"بەڵام هەندێکیشى دەچێتە بابى سیاسیەوە."

وتیشى"شاخى غەرەى نزیک خورماتو مەنبەعى داعشە، بەسوپامان وت گەر دەتوانن هێرشى بۆ بکەن، ئێمە هاوکارتان دەبین، بەڵام ئەوان خۆیان لە قەرەى داعش نەداوە و تەمشیتى شاخى غەڕەو پەڵکانەیان نەکردووە."

بەڵام لیوا سامر حوسێنى فەرماندەى فیرقەى هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا، رەتیکردەوە لەو ناوچانە نزیک نەبێتنەوە کەداعشى تێدایە و بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانمان دەستیانگرتوە بەسەر چەندین پشتێنى بۆمب رێژکراوى داعش و شوێنەکانى مانەوەیاندا."

سەبارەت بە ڕۆڵى پێشمەرگە لەئۆپەراسیۆنەکەدا، عەمید روکن هەورامان وتى"ئێمە نوێنەرمان تەنسیقى هەبوو لەگەڵ سوپا، لەهەر جێگەیەک پێشێلکارى هەبوایە ئاگادارمان دەکردنەوە، ئەگینا بەهێز بەشدارنەبووین."

جوڵانى هێزە عێراقیەکان بەرەو ناوچە کوردستانیەکانى رۆژهەڵاتى کەرکوک و باشورى رۆژهەتى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین بەبیانوى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن دژى داعش، بەلاى هێزە کوردیەکانەوە جێى گومانە، بەتایبەت کە هێزەکانى داعش لەناوچەکانى رۆژهەڵات و باشورى کەرکوکن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00

XS
SM
MD
LG