Accessibility links

داعش شەوى ڕابردوو لە کەرکوک و دیالە چەندین هێرشى ئەنجامداوە


شەوى رابردوو لە ناوچەکانى رۆژئاواى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە، پێکدادانى قورس لە نێوان چەکدارانى داعش و هێزە عێراقیەکان ڕوویداوە، کەژمارەیەک چەکدارى هەردوولا کوژراون.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزە عێراقیەکان شەوى رابردوو پشت بەست بە زانیارى هەواڵگیرى، لە خۆراواى کەرکوک بۆسەیان داناوە و لەگەڵ چەکدارانى داعشدا رووبەرووى یەکترى بوونەتەوە."

وتەبێژەکەى حەشدى شەعبى ئاماژەى بەزیانەکانى هێزە عێراقیەکان نەکرد، بەڵام وتى"13 چەکدارى داعش لە رووبەروو بونەوەکەدا کوژراون، کە 3 چەکداریان خۆیان تەقاندۆتەوە."

هەروەها داعش لە پێگە و لاپەرەکانى خۆى بڵاویکردۆتەوە، کە شەوى رابردوو لە ناوچەکانى دەوروبەرى قەزاى خانەقین ى پارێزگاى دیالە چەندین هێرشیان ئەنجامداوە، کە وێنەى ژمارەیەک لەچەکدارانیان لەکاتى نوێژخوێندن و هێرش کردندا بڵاوکردۆتەوە.

کەریم عەلى جێگرى پارێزگارى دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش لەسنورى ناوچەکوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە زیندوو بوونەتەوە، جم و جۆڵ و هێرشى پارتیزانى ئەنجام دەدەن."

وتیشى"هێزەکانى داعش زیاتر لەناوچەکانى حەمرین و مەندەلى و ئیمام وەیسن، لەوێوە پلانى هێرش کردن دادەرێژن و ترس و دڵەراوکێیان لەناوچەکەدا دروست کردووە."

جم‌وجۆڵە فراوانەکانى چەکدارانى داعش لەناوچە کێشەلەسەرەکان، هاوکاتە لەگەڵ سەرقاڵبوونى لایەنە عێراقیەکان بە بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:57 0:00

XS
SM
MD
LG