فەرماندەکانى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکەن داعش پلانى شەڕکردنى لە دەوروبەرى کەرکوک گۆڕیوە و پێشمەرگەش سەرقاڵى چاودێریکردنى پلانە نوێکانى ئەو رێکخراوەیە .
شوان حەمەغەریب فەرماندەى لیواى 2 ى هێزى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک، ئاماژەى بەپلانە نوێکانى داعش کرد و بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش دەیەوێت مەفرەزەى بچوکى چەکدار دزە پێبکاتە ناو شارەکان و لە ناو شارەکاندا پشێوى دروست بکات ، پاشان هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە."
وتیشى"داعش تواناى هێرشى راستەوخۆى بۆسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە نەماوە بۆیە پلانى شەڕ کردنى گۆڕیوە."
بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، ژمارەیەک مەفرەزەى بچوکى داعش لەگوندەکانى رۆژئاواو و باشورى کەرکوک بینراون کەبەناوچەکەدا سوراونەتەوە، پێشمەرگە لەحاڵەتى ئامادەباشیدایە و چاودێرى جم و جۆڵى ئەو مەفرەزە چەکدارانە دەکات ، کەیەکێک لەو مەفرەزانە دوێنێ بەچەکى قەناس تەقەیان لەسەنگەرەکانى پێشمەرگە لەباشورى
کەرکوک کرد و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانى لەدەستدا.
عەقید روکن تاریق ئەحمەد جێگرى لیواى 9 ى هێزى پێشمەرگە لەباشورى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش مەفرەزەى بچوکى هەیە و ناو بەناو دێنە نزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگە ، بەچەکى قەناسى دەستکردى خۆیان تەقە لەپێشمەرگە دەکەن."
بەپێى وتەى بەرپرسانى ئەمنى ناردنى زیاتر لە 100 چەکدار بۆ ناو شارى کەرکوک لەلایەن داعشەوە لەچەند هەفتەى رابردوودا ، بەشێک بووە لەپلانە نوێکانى ئەو رێکخراوە کە دایڕشتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان.