Accessibility links

زانیارى لەبارەى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ داعشەکانى حەویجە


وەفدی سەربازى عێراق و پێشمەرگە بۆ تاوتوێکردنى شەڕى حەویجە کۆدەبنەوە، بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکاش دەزگا ئەمنیەکانى هەرێم و نوێنەرى هاوپەیمانان گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەکدارانەى داعش دا کردووە کە خۆیان رادەست دەکەن.

لیوا محەمەد قادر، فەرماندەى پێشمەرگە لەباشورى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەرۆژى یەکشەمەى داهاتوەوە ئامادەکارى بۆ شەرى حەویجەو پێشوازیکردن لە ئاوارەکان دەست پێدەکات."

وتیشى"ئەمرۆ وەفدێکى سەربازى عێراق لەگەڵ پێشمەرگەدا کۆدەبنەوە و شەڕى حەویجە تاوتوێ دەکەن."

لەلایەکى ترەوە سەرچاوەیەکى ئەمنى ئاگادار کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، ئەوەى بۆ دەنگى ئەمەریکا خستەڕوو هاوپەیمانان و دەزگا ئەمنیەکان دەرکردنى بریارى لێبوردنیان لەلایەن هەرێم و بەغداوە بۆ ئەو چەکدارانەى داعش تاوتوێ کردووە کە دەستیان بەخوێن سور نیە، بەڵام هیچ بریارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

سەرچاوەکەى دەنگى ئەمەریکا، باسیلەوەشکرد قەزاى حەویجە ژمارەیەکى زۆر خێزانى داعشى موسڵ و عەلەم و شەرگاتى تێچووە، بۆیە هەوڵ دەدرێت چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خێزانانەدا تاوتوێ بکرێت، وتى"بەرپرسانى کورد بەهاوپەیمانانیان وتووە گەر ئەو مەسەلە بەتەنها رادەستى ئەوان بکرێت، ئەوا مامەڵەیەکى یاسایى و مرۆییان لەگەڵ دەکەن."

هاوکات ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاریان بۆ بە هاناوەچوونى ئاوارەکانى حەویجە کردووە، وتى"لەنێوان سنورى کەرکوک و تکریت کامپێک بۆ ئاوارەکان دەکرێتەوە تا ئەوکاتەى حەویجە رزگار دەکرێت و دەگەرێنرێنەوە."

چاوەروان دەکرێت هەفتەى داهاتو ئامادەکاریەکانى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى حەویجە کۆتاییان بێت، کە بەپێى زانیارى دەزگا ئەمنیەکان ژمارەیەکى زۆر لەچەکدارانى داعش ئەو قەزایەیان بەجێهێشتووە، بۆیە چاوەروان دەکرێت لەماوەى کەمتر لەهەفتەیەکدا کۆنترۆڵ بکرێت.

XS
SM
MD
LG