Accessibility links

ژمارەیەک لە چەکدارانى داعش لە نزیک حەویجە خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەى هێرشکردنە سەر قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە، بەشێک لە چەکدارانى داعش دەیانەوێت خۆیان رادەستى هێزەکانى پێشمەرگە بکەن و پێشمەرگەش ئامادەکارى بۆ ئەو مەبەستە کردووە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوق ى کەرکوکى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ژمارەیەک چەکدارى داعش لەنێو خۆیاندا گفتوگۆیان کردووە بۆ خۆ رادەستکردن بە پێشمەرگە، چونکە پێیانوایە پێشمەرگە لایەنى مرۆیى دەخوێنێتەوە و نایانکوژێت."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، لە چەند رۆژى رابردودا 5 چەکدارى داعش خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووە کە یەکێکیان ئەمیرە، هەروەها بڕیارە بەم نزیکانە نزیکەى 15 کەسى تریان خۆیان رادەست بکەن.

نەقیب زیاد کاکەیى ئەفسەرى هەواڵگیرى پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش بووەتە سێ‌ بەشەوە، داعشە حەویجەییەکان دەیانەوێت خۆیان رادەست بکەن، لە کاتێکدا داعشە دیالەییەکان دەیانەوێت‌ تا مردن شەڕ بکەن، بەشێکیشیان حەویجەیان بەرەو حەمرین جێهێشتووە."

زانیاریە هەواڵگیریەکان لە بارەى ژمارەى داعشەکانى حەویجەوە جۆراو جۆرن، تازەترین زانیارى هەواڵگیرى ژمارەیان بە 600 چەکدار دەخەمڵێنێت.

موقەدەم هیمداد عومەر، بەرپرسى هەواڵگیرى لیواى 3 ى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەسەر پلانى داعشە حەویجەییەکان بۆ خۆ رادەستکردن بە پێشمەرگە، کێشە و شەڕ لەنێوانیاندا لەگەڵ چەکدارە دیالەییەکان دروستبووە."

وتیشى"3 شەو لەمەوبەر والى حەویجەى داعش ویستویەتى هەڵبێت و حەویجە جێبهێڵێت، بەڵام لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراوە."

هەوڵى چەکدارانى داعش بۆ خۆ رادەستکردن بە پێشمەرگە، لەکاتێکدایە ئەو چەکدارانە پێیانوایە هێزە شیعیەکان دەست پارێزیان لێناکەن و دەیانکوژن.

XS
SM
MD
LG