Accessibility links

حەشدی شەعبی دەستپـێشخەریەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ڕەتدەکاتەوە

  • VOA News

حەشدی شەعبی دەستپـێشخەریـیەکەی هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە بۆ سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی نۆ و دەڵێت هیچ بەهایەکی نیـیە و مەرجی حکومەتی ناوەندی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکەیە.

ئەحمەد ئەلئەسەدی گوتەبێژی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند و گوتی سڕکردن مانای ئەوەیە حکومەتی هەرێم دانی‌ناوە بە ڕیفراندۆمەکە، بەڵام داوای حکومەت ڕوون و ئاشکرایە کە ڕیفراندۆمەکە دەبێت هەڵبوەشێتەوە.

جەختی لەوەش کرد ناردنی هێزەکانیان بۆ ئەو ناوچانەی لەگەڵ هەرێم ناکۆکیـیان لەسەرە، هیچ پەیوەندی بە مەسەلەی ڕیفراندۆمەکەوە نیـیە، بەڵکو ئەوە جێبەجێکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراقە بۆ ناردنی هێزەکانی حکومەت بۆ ئەو ناوچانە.

حەشدی شەعبی لە دەیان گروپی چەکدار پـێکهاتووە کە ژمارەیان لە نێوان 60 بۆ 100 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. بەپـێی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق لە ژێر فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراقن و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری لە بوجەی وڵاتەکە بۆ تەرخان دەکرێت و ئێرانیش پاڵپشتیـیەکی تەواوی دەکات.

XS
SM
MD
LG