Accessibility links

زانیارى ورد لەسەر هێرشەکەى شەوى رابردووى گەرمیان


بەهۆى هێرشەکەى شەوى رابردووى چەکدارانى داعش بۆ سەر ناحیەى کوڵەجۆى سنورى گەرمیان، 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 6 کەسى تریش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکى باڵاى ئەمنى عێراق که ‌داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ئەو چەکدارانەى هێرشیانکردۆتە سەر ناحیەى کوڵەجۆ، ژمارەیان نزیکەى 15 چەکداربووە و لە سێ تیم پێکهاتبوون."

وەک سەرچاوەکە، ئاماژەى بۆکرد تیمێکیان لە سێ کەس پێکهاتبوون و چەکدارى قەناس بەدەست بوون، تیمێکى تریان هاوەنیان تەقاندووە بۆ ناحیەکە و تیمى سێیەمیشیان لە کاتى دەستپێکردنى شەڕدا، بۆمبیان چاندووە.

سەرچاوەکە، وتیشى"چەکدارەکان لە چەمى گوندى دەکەى مەلا حەمیدەوە پەڕیونەتەوە بۆ چەمى ناحیەى کوڵەجۆ و هێرشەکەیان ئەنجامداوە."

سەرەتاى هێرشەکەى شەوى رابردووى چەکدارانى داعش بە هاوەنبارانکردنى ناحیەى کوڵەجۆ دەستیپێکردووە، دواتر بە چەکى قەناس تەقەیان لە بازگەى ئاسایش کردووە.

لە ئەنجامى هێرشەکەى چەکدارانىداعش، 4 کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان کارمەندى ئاسایش و دوانەکەى تریان پێشمەرگە بوون، هەروەها 6 کەسى تریش برینداربوون کە زۆربەیان هاوڵاتى سیڤیل بوون، لەنێو بریندارەکاندا عەمید ئەحمەد خەلیفە قەساب بەڕێوەبەرى پێشووى پۆلیسى جەلەولاى تێدایە.

سەرچاوەکە، زانیارى زیاترى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا کرد، وتى"کاتژمێر 10:30 ی بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە داویەتى لە بەلەمێکى چەکدارانى داعش لە گوندى تبج و سێ چەکدارى لێکوشتوون."

بەڵام نازانرێت فڕۆکەی عێراقی بووە یان هاوپەیمانان، هەروەها نازانرێت ئەو چەکدارانە لە هێرشبەرەکانی شەوی ڕابردوو بوون یان نا.

هیچ هێزێکی کوردی یان حکومەتی ناوەندی لەو ناوچەیەدا نیـیە کە چەکدارەکانی داعش لێوەی دزەیانکردووە.

XS
SM
MD
LG