Accessibility links

بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى: گەر پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ لایەنێک بێت دەبێت پۆستى پارێزگارى کەرکوک بۆ لایەنەکانى تر بێت


بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى دیموکراتى کوردستان، گەڕانەوەى حیزبەکەى بۆ کەرکوک بەدەرئەنجامى گفتوگۆکانى نێوان هەرێم و بەغداوە دەبەستێتەوە لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق.

دکتۆر محەمەد خورشید بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گەر کورد بە دەرئەنجامى گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پێکهێنانى حکومەت رازى بوو، ئەوکات بەرنامەى گەرانەوە بۆ کەرکوک دادەڕێژین."

وتیشى"دەبێت گفتوگۆ بکرێت لەسەر گەرانەوەى سەربەرزانەى کورد بۆ کەرکوک و پێدانەوەى هەندێک لەدەسەڵاتەکانى لەو شارە."

لەئێستادا بارەگاى سەرەکى پارتى لەکەرکوک هێزەکانى دژەتیرۆرى عێراقى تێدایە، ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆى چۆڵکردنى بارەگاکە و گەڕانەوەى پارتى لەنێو کەرکوکدا بڵاو بوویەوە، بەڵام بەرپرسەکەى پارتى رەتیدەکاتەوە.

دکتۆر محەمەد وتى"هێزەکانى دژەتیرۆر ئاڵوگۆڕى هێزیان کردبوو، بۆیە وابڵاو بویەوە گوایە بارەگاکە چۆڵ دەکەن و پارتى دەگەرێتەوە، ئەگینا مەسەلە بنەماى نەبوو."

سەبارەت بەپۆستى پارێزگارى کەرکوک کە لەلایەن یەکێتى یەوە تۆمەتبار دەکرێن بە تێکدانى یەکریزى کورد و شکست پێهێنانى هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە، بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى ئاماژەى بەوەکرد، یەکێتى لە حیزبە کوردیەکان دوور کەوتوەتەوە، گرەوى لەگەڵ عەرەب و تورکمان کردووە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار، بەڵام گرەوەکەى دۆڕاندوە و مایەپوچ دەرچووە.

دکتۆر محەمەد خورشید، وجەختیکردەوە"یەکێتى یەکریزى نیشتیمانى تێکداوە، بۆیە لایەنە کوردیەکان ئامادەنین لەگەڵى دابنیشن، ئەمەش وایکردووە هەنگاو نان بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار تەنها لەراگەیاندنەوە بێت."

دەربارەى ئەو زانیاریانەى کە هەن گوایە پارتى پۆستى پارێزگارى کەرکوکى بە پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقەوە بەستوەتەوە، بەوەى ئەو دوو پۆستە یەکیان بۆ پارتى و ئەویتریان بۆ یەکێتى بێت، بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى روونیکردەوە گفتوگۆى لەو شێوەیە لە ئارادایە، هەرچەندە پارتى زۆر خۆى بەپۆستەوە پابەند ناکات، بەڵکو ئەوەى بەلاوە گرنگە ئەو کەسانەى پۆستەکان بەرێوەدەبەن تاچەند کوردانە کاردەکەن.

هەروەها وتیشى"گفتوگۆى ئەوە هەیە گەر پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ لایەنێک بێت، دەبێت پۆستى پارێزگارى کەرکوک و پۆستەکانى تر بۆ لایەنەکانى تر بن."

هەرچەندە کورد زۆرینەى دانیشتوانى کەرکوک پێکدەهێنێت، بەڵام بەهۆى پەرتەوازەیى لایەنە کوردیەکانەوە، کورد سەرجەم پۆستە گرنگەکانى ئەو شارەى لەدەستداوە و تائێستا هیچ پلانێکیان بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پۆستانە دانەڕشتوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:46 0:00

XS
SM
MD
LG