Accessibility links

حەشدى تورکمانى: گەر ئەنجامى هەڵبژاردن لە کەرکوک پەسەند بکرێت میللەت قەبوڵى ناکات


عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک بەردوامن لەسەر دەبرینى ناڕەزایەتى و ئەنجامى هەڵبژاردن لە کەرکوک رەتدەکەنەوە، یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیش کە بەتەنها هێندەى ئەو دوو پێکهاتە دەنگى هێناوە جەخت لەسەر پاک وبێگەردى هەڵبژاردنەکە دەکاتەوە.

بەپێى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، یەکێتى نیشتیمانى بەتەنها 6 کورسى بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا تورکمان 3 کورسى و عەرەبیش 3 کورسى بردوەتەوە.

عەلى حسێنى وتەبێژى هێزەکانى حەشدى تورکمانى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عەرەب و تورکمان و هەندێک لایەنى کوردى، لەگەڵ سونە و شیعە هەمووى هاوار دەکەن کە ساختەکارى لە کەرکوک کراوە."

وتیشى"دەبێت ژماردنى دەستى بۆ دەنگەکانى کەرکوک بکرێت، یان هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە."

سەبارەت بە دۆخى کەرکوک لەحاڵەتى پەسەند کردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، عەلى حسێنى وتى"ئەوکات روودانى هەموو شت پێشبینى کراو دەبێت، دۆخەکە خراپ دەبێت، چونکە بریار لاى میللەتە نەک حیزب و حکومەت."

لەدواى دەرچوونى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنەوە، عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک بەردەوامن لەسەر دەربڕینى نارەزایەتى، لەبەردەم نوسینگەى کەرکوکى کۆمیسیۆن دەمێننەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

حەمە سور دووشیوانى پەرلەمانتارى یەکێتى لەبەغدا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریارە سبەینێ شەمە پەرلەمانى عێراق لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان گفتووگۆبگات، گەر نیسابى یاسایى تەواو ببێت."

وتیشى"گەر دانیشتنەکە ئەنجام درا، هەوڵەدەین هەموو لایەنەکان رێکبکەون."

پارێزگاى کەرکوک 12 کورسى بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە کورد 6 کورسى، عەرەب و تورکمانیش هەریەکە و 3 کورسى بەدەست هێناوە، ئەمەش ئەو دوو پێکهاتەى نیگەران کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00

XS
SM
MD
LG